نرخی هەر کیلۆیەک برنج لە ئێران 69% گران بووە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاماری ئێران، نرخی یەک کیلۆ لە بەرهەمی برنجی ناوخۆی ئێران بەڕێژەی سەدا 69 گران بووە، هەروەها هەندێک ماددەی خۆراکیش لەسەدا 86 گرانتر بووە.

ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ نرخی هەر کیلۆیەک برنجی بەرهەمی ناوخۆی ئێران بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2024، بە ڕێژەی 69% گران بووە و نرخی برنجی هاوردەش زیاتر لە 35% گران بووە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی ناوەندی ئاماری ئێران، لە ماوەی یەک ساڵەدا نرخی ڕۆنەکەرەی پاستۆڕیزە 86%  و گۆشتی مەڕ 20% گران بووە.

هاوکات نرخی سێو و مۆزیش لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا بە ڕێژەی 90% زیادی کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ناوەندی ئامار ڕایگەیاندبوو، ڕێژەی هەڵاوسانی گشتیی ساڵانەی وڵاتەکە بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە 33%، بەڵام ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی کاڵا خۆراکییەکان لە نێوان 37.3%  بۆ 41.5% زیادی کردووە.

ئەم لیستەی نرخی خۆراک کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوکراوەتەوە، لە کاتێکدایە، کە لە 28ـی مانگی ڕابردوو، ماڵپەڕی 'ئیقتساد نیووز'ـی ئێران، ڕاپۆرتێکی لەسەر گران بوونی خۆراک و ئازووقە لە سەرتاسەری ئێران بڵاو کردبووەوە و بە تایبەت ئاماژەی بە نرخی برنج دابوو، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە لە ماوەی یەک ساڵدا نرخی هەر کیلۆیەک برنج دوو هێندە بەرز بووەتەوە، هاوکات کرێی کار و ڕۆژانەی کرێکار گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.