ئێران هەڕەشەی بۆردومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکات

 وەزیری بەرگریی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن شکستی هێنا و وڵاتان ڕۆژئاوا کاردانەوەیان هەبێت، ئەوە بە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا وەڵاممان دەبێت.

چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات و ڕایگەیاند، هەندێک لە بەرپرسانی وڵاتان، هەڕەشە دەکەن ئەگەر دانوستانەکانی هیچ ئەنجامێکی نەبوو ئەوە سزامان بەسەر دەسەپێنن و کاردانەوەیان دەبێت، بەڵام هۆشداریان دەدەمێ ئێمەش هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە دەستمان پێ دەگات، زۆر بە چڕی بۆردومان دەکەین.

ڕۆژی دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، هیوادارە بە ڕێککەوتن کێشەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران چارە بکەن، ئەگەر نا بژاردەی دیکە باش نابێت.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە بچێت و تاران پێشنیازێکی نوێ پێشکەشی واشنتن بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئێران پێشنیازی ئەمەریکای ڕەت کردەوە کە لەلایەن عوممانەوە پێشکەشی ئەو وڵاتە کرابوو.

دۆناڵد ترەمپ گوتییشی: پێنج شەممە 12ـی ئەم مانگە لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە، بەڵام تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەکە دەکرێت، ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا باسی کردووە کۆبوونەوەیەکی دیکەیە.

مایكڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە دانیشتنێکی لیژنەی خزمەتگوزاری سەربازیی ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم، چەند بژاردەیەکی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری بەرگریی پێشنیاز کردووە، ئامادەن بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامی ئێران بدەنەوە، تا ڕێگریی لەو وڵاتە بکەن چەکی ئەتۆمی هەبێت.