ئەمڕۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیار لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران دەدات
واشنتن، پاریس، لەندەن و بەرلین پرۆژە بڕیارێکیان لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی تاران پێشکەشی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کرد، بڕیاریشە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسەکە دەنگی لەسەر بدەن.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەنگ لەسەر پرۆژە بڕیاری وڵاتانی ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بدات.
ئەو ئاژانسە لەسەر زاری سێ سەرچاوە ڕایگەیاندووە، دوێنێ سێشەممە ئەمەریکا و وڵاتە زلهێزەکانی ئەورووپا لەگەڵ بەریتانیا پرۆژە بڕیارێکیان لە دژی بەرنامەی ئەتۆمی تاران پێشکەشی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە. کە تێیدا ئیدانەی پابەند نەبوونی ئێران بە ڕێککەوتنەکان و یاساکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی دەکەن.
هەروەها ئاماژەشیان داوە، ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەیتوانیوە وەکوو پێویست لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەماهەنگ و هاوکار بێت.
جەختیشیان لەوە کردووەتەوە، ئێران نەیتوانیوە ئەو ئاژانسە پشتڕاست بکاتەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی بەرکار دێنن.
هاوکات بێهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، هۆشداری دا، ئەگەر ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیارنامەکە پەسند بکەن، ئەوە وڵاتەکەی کاردانەوەی تەکنیکی و سیاسیی دەبێت.
پێشتر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵێک سزای فراوانی ئابووریی بەسەر ئێران سەپاندبوو، بەڵام بەهۆی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـە ئەو سزایانە ڕاگیران.
ئێستاش ئەگەر ئەو پرۆژە بڕیارە نوێیە پەسند بکرێت، ئەگەری هەیە دۆسییەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەورووپا بە میکانیزمێکی ناو ڕێککەوتنەکەی 2015 دووبارە سزاکانی سەر ئێران بگەڕێننەوە و بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنن.