گەشتیاران: پێچەوانەی کوردستان، عێراق بایەخ بە ناوچە گەشتیارییەکان نادات
هەرچەندە عێراق خاوەنی شوێنی گەشتیارییە، بەڵام پێچەوانەی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، وەکوو پێویست خزمەتگوزارییان پێشکەش نەکراوە و بایەخیان پێ نەدراوە.
شاری گەشتیاریی 'حەبانییە' یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە دیارەکانی عێراق. سەرەڕای ئەوەی هەزاران خێزان بۆ گەشتوگوزار لە پارێزگاکانی دیکە سەردانی دەکەن، بەڵام وەکوو پێویست لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە بایەخی پێ نەدراوە.
ژێرخانی ئەم هاوینەهەوارە گەشتیارییەی ئەنبار لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نییە، ئەمەش کاریگەریی نەرێیی لەسەر ئەو کەرتە هەیە، جگە لەوەش بایەخنەدانی حکوومەت بووەتە هۆی پاشەکشەکردنی ناوچە گەشتیارییەکان.
عەبدولڕەحمان عەباس، یەکێکە لەو گەشتیارانەی چووەتە هاوینەهەواری حەبانییە و دەڵێت: حەبانییە پێویستی بە ڕێکخستن و خزمەتگوزاری هەیە. خێزانەکان دەیانەوێت شوێنەکە جوانتر ببێت تا خەڵک بتوانن بۆ گەشتوگوزار سەردانی بکەن. هیوادارین بەرپرسانی ئەنبار بایەخ بەم بابەتە بدەن. هەروەها هیوادارین هاوینەهەواری نوێ و شوێنی گەشتیاری نوێ دروست بکرێن.
ئەوانەی سەردانی ناوچەکە دەکەن، گلەیی لە کەمیی خزمەتگوزاری دەکەن و داوا دەکەن دۆخی گەشتیاریی حەبانیە باشتر بکرێت، بۆ ئەوەی هاوشێوەی هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان پەرەی پێ بدرێت؛ ئەو ناوچە گەشتیاریانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری تەواویان دەکرێت، ئەمەش وای کردووە ببنە شوێنی دڵخوازی گەشتیاران.
سامی عەواد، لە بەغداوە سەردانی هاوینەهەواری حەبانییەی کردووە و باس لەوە دەکات "لێرە هیچ بایەخ بە ناوچە گەشتیارییەکان نادرێت. هەرێمی کوردستان بایەخ بە شوێنە گەشتیارییەکان دەدات، چونکە ناوچەکە ڕووگەی گەشتیارانی وڵاتەکەیە، هیوادارین حەبانییە وەک هەرێمی کوردستان بێت و بایەخی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی ئەو خێزانانەی کە ناتوانن مەودای دوور ببڕن بێن بۆ حەبانییە. بەڕاستی هەر جارێک دەچمە هەرێمی کوردستان، شوێنێکی نوێ و هاوینەهەواری نوێ و هۆتێلێکی نوێ دەدۆزمەوە."
هەرچەندە پارێزگای ئەنبار لە ئێستادا لە کەشێکی ئەمنی و سەقامگیردایە، کە ئەمەش هەلومەرجێکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان، بەڵام ئەم سەقامگیرییە وای نەکردووە کە پڕۆژەی ستراتیجی بە تایبەتی لە کەرتی گەشتیاری پێشڤەچوون بەخۆیەوە ببینێت. لە کاتێکدا دانیشتووانی ئێرە دەخوازن ئەم ناوچەیە ببێتە ناوەندێکی گەشتیاریی پێشکەوتوو.