عەتاری..پیشەیەکی کۆن تا ئێستاش بەردەوامە

 عەتاری، یەک لە پیشە کۆنەکانە کە تا ئێستا ماوە و بەردەوامە، عیماد، یەکێ لەو کەسانەی کە کاری عەتاری دەکات و پیشەکەی لە باب و باپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە، لە ساڵی 1920 ـەوە دەستیان بەکارەکە کردووە، بە قسەی عیمادی عەتار، کاری عەتاری وەک دەریا فراوانە.

عیماد ئەکرەمی عەتار دەڵێت: پێشتر عەتارەکان وەک پزیشکی سەردەمی ئەمڕۆ ناسرابوون، بەڵام ئەوانەی ئێستە بۆ چارەسەر سەردانی عەتاران دەکەن، کەمن. ئاماژە بەوەش دەکات، نرخی هەندێ لە گیاکان کە وەک دەرمانی سروشتی بەکاردێن گرانن.

عیماد ئەکرەمی عەتار گوتی: ئەو گیایانەی لە کوردستان وەک دەرمان بەکار دێن بریتین لە جاترە، خرنوک، گڕوان، مازی. دەشڵێت: بەر لە 70 ساڵ، خەڵکی لەسەر سروشت دەژیا، دەرمانەکانیشی لە گژوگیا سروشتییەکان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا هاووڵاتییان کەمتر دەرمانی سروشتی بەکاردەهێن، چونکە دەیانەوێت بەپەلە لە نەخۆشییەکان چاک ببنەوە، چارەسەر بە گیایش ئارامی و کاتی دەوێ.

عیماد ئەکرەم ئاماژەی بەوە کرد، زەعفەرانی کوالێتی بەرز، کیلۆی بە 5 ملیۆن دینارە، سێ گرام زەعفەرانی کوالێتی بەرز، بە 35 هەزار دینارە، مەستەکیی سروشتی کە لە یۆنانەوە دێتە کوردستان، کیلۆی بە 500 تاکو 550 هەزار دینارە، گرامێکی بە 5 هەزار دینارە، بەڵام زەعفەران گرانترین بابەتی عەتارییە، سنۆبەریش کیلۆی بە 75 هەزار دینارە.