دابەزینی ئاستی ئاوی دەربەندیخان مەترسیی لەسەر چەندین پرۆژە دروست کردووە

 دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان مەترسی لەسەر چەندین پرۆژەی ئاودێریی دروست کردووە؛ بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی گەرمیان بڕیاری داوە لەسەر سێ پرۆژەی ئاودێریی سیروان چاندنی مەرەزە و گەنمە شامی قەدەغە بکات، بۆئەوەی ئاوی پێویست بگاتە ئەو گوند و باخانەی کە لەو سێ پرۆژەوە ئاویان پێ دەگات.

دیار، یەکێکە لە جووتیارانی ئەم دەڤەرە، 25 دۆنم زەوی بۆ مەرەزە ئامادە کردبوو، بەڵام ئاگادار کراوەتەوە کە نابێت ئەم ساڵ مەرەزە بکات، ئەو بڕیارەش بەهۆی کەمیی ئاوەوە دراوە. گلەیش لەوە دەکات، جووتیارانی دیالە کە لە هەمان سەرچاوەوە ئاویان بۆ دەڕوات، مەرەزەیان کردووە.

دیار عومەر، جووتیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "من چوار ملیۆن دینارم بۆ مەرەزە خەرج کردووە، ئێستاش ناهێڵن مەرەزە و گەنمەشامی بکەین، هەروەها ڕێگریی لە چاندنی کونجی دەکەن و دەڵێن هێزی زەوییەکە ناهێڵێت."

ڕەوف ئەحمەدی جووتیار دەڵێت: ئەو ئاوەی ئیستا پێمان دەگات بەشی هیچ ناکات، پێشتر 400 دۆنم زەویمان دەکردە مەرەزە، بەڵام ئێستا بەشمان ناکات، بەمەش جووتیار زیانمەند دەبێت. 

بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەنداوی دەربەندیخان ئاوی کەمی گل داوەتەوە و ئاستی ئاوەکەی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دادەبەزێت.  

کەمیی باران و کەم گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان، وای کردووە بەرپرسانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە گەرمیان هەنگاوی پێویست بنێن، بۆ ئەوەی ئەو ئاوەی لە بەنداوی دەربەندیخانەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆگەرمیان و دیالە، بەلایەنی کەم بەشی خواردنەوە و باخداری و ئاژەڵداری بکات.

ڕێگریی لە چاندنی گەنمە شامی و مەرەزە، تەنها سێ پرۆژەی ئاودێریی سەر ڕووباری سیروان دەگرێتەوە؛ لەوبارەوە، موئەید ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان گوتی: ئەو بڕیارەمان لەسەر سێ پرۆژەی ستراتیجی گرنگ داوە، ئەویش (باڵەجۆ، شێخ لەنگەر و سەلام)ـە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژیانی خەڵکی لەسەرە، چ لەڕووی ئاوی خواردنەوە چ لەڕووی ئاژەڵداری و باخەکان، بەڵام خەڵک ئازادە لەسەر ڕووباری سیروان یان قۆرەتوو مەرەزە بکەن یان نا.

هەر ساڵیك وشکەساڵی، یان کەمبارانی بێت ئاوی بەنداو و ڕووبارەکان کەم دەبێتەوە و مەترسیەکانیش بۆسەر هەزاران دۆنم زەوی بەراو و ئاوی خواردنەوەی پارێزگای دیالە زیاتر دەبێت، بەوهۆیەشەوە دەیان گوند لەسنووری پارێزگاکە چۆڵ کراون.