لە کۆتا ڕۆژەکانی فەریزەی حەج دا منداڵێکی کورد لە مەدینە بەدنیا هات

ئافرەتێکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە نەشتەرگەیی لە شاری مەدینە کوڕێکی بەدنیا هێنا و ناونرا موحەممەد.

کامەران مەلا محەممەد، سەرۆکی تیمی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی 2025، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: یەکەمین منداڵی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە شاری مەدینە لەدایکبوو، دایک و باوکی منداڵەکە خەڵکی شارۆچکەی خەلیفانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن و منداڵەکە ناونرا موحەممەد.

سەرۆکی تیمی تەندروستیی گوتیشی: تەندروستیی دایکی منداڵەکە زۆرباشە و بەشێوەیی نەشتەرگەریی لەدایکبووە، پزیشکەکانی ئێمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پزیشکانی ئەو شارە چاودێری دۆخی تەندروستی دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ خزمەتگوزاری تەندروستیی زۆرباش پێشکەش بە حاجییان کراوە و هیچ حاڵەتێکی مەترسیداریش لەسەر حاجییان نەبووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رێگە نەدرا هیچ هاووڵاتییەکی سەروی تەمەن 70 ساڵ گەشتی سعوودیە بکات بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.

هەروەها لە ڕۆژی عەرەفە ، 5ـی حوزەیرانی 2025، ئافرەتێکی دووگیانی خەڵکی کۆماری تۆگۆ لە ئەفریقای باشوور، کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە سعوودیە، لە حەرەمی کێوی عەرەفە سکەکەی دانا و کوڕێکی بە دنیا هێنا.

 
 
Fly Erbil Advertisment