ڕوبیۆ: هەموو هەنگاوێکمان ناوە بۆ پاراستنی هێزەکانمان، ئێرانیش نابێت بەرژەوەندییەکانمان بکاتە ئامانج
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ترەمپ و ئیدارەکەی هەموو هەنگاوێکی پێویستیان ناوە بۆ پاراستنی هێزەکانمان، ئێرانیش نابێت بەرژەوەندییەکانمان بکاتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ئیدارەکەی هەموو هەنگاوێکی پێویستیان بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا ناوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران نابێت بەرژەوەندییەکانمان یان کارمەندانی ناوچەکە بکاتە بکاتە ئامانج.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند "پێشتر زانیاری لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکان لە ئێران هەبووە."
سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوەش کردەوە، هێرشە بەرفراوانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەو جێگەی سەرسوڕمان نەبووە.
ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند "هێرشێکی ورد و هەمەلایەنەی پێشوەختەی بۆ لێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەست پێکردووە، ئەوەش لە کاردانەوەی بەردەوامی دەستدرێژیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل".
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "هێرشیان کردووەتە سەر ئامنجەکانی ئێران و جەختیشی لەوەش کردەوە ئەو ئامانجانە پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمی و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێرانەوە هەیە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر ئێران و تێیدا، سوپا سالاری ئێران و تێیدا حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران، محەممەد تەهرانچی, سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی و فەرەیدون عەباسی، زانای بواری ئەتۆم، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران. ئیسرائیل بە 200 فڕۆکەی جەنگی بەشداری هێرشەکەی کردووە و لە 300 هەڵمەتی کردووە و 100 ئامانجی پێکاوە.
لای خۆیەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند: دەبێت ئیسرائیل چاوەڕێی سزایەکی توند بکات و چارەنووسێکی تاڵ و ئازاربەخش چاوەڕێی دەکات.
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل بە بە ئامانجکردنی شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، سروشتی خراپی خۆی زیاتر نیشان دا.
هاوکات گوتی: بە داخەوە بەهۆی هێرشەکانەوە چەند فەرماندەی سەربازیی و زانا شەهید بوون.