سوپای ئیسرائیل: چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانمان لە ئاسمانی سووریا خستە خوارەوە

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ڕێگری لە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران لە ئاسمانی سووریادا کردووە."

ئیڤی دیێڤرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، دەڵێت: سوپا چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی سوویادا خستە خوارەوە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیش بەردەوام بە ئاسمانی وڵاتەکەوەن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

دەشڵێت: زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە عوممانی پایتەختی ئوردن لێدراوە. 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی ئوردنیش، داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی هێرشەکان، گوێ لە ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان بگرن. هەروەها پابەند بن بە ڕێنمایەکان کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچووە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی خۆیان.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی راگەیاند "لە شەقامەکان کۆمەبنەوە و یان نزیک نەبنەوە و مامەڵە لەگەڵ هیچ کەلوپەلێکی کەوتوودا نەکەن."

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوە یان هەر زیانێک لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکانەوە بێت، گرنگە بە وردی شوێنەکە دەستنیشان بکرێت بە پەیوەندیکردن بە ژمارە 911 بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گشتیی.