فه‌ره‌نسا: شانازی ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه به‌یه‌كه‌وه شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی ستایشی پشتیوانی فه‌ره‌نسا ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی له وه‌زیری به‌رگری فه‌ره‌نسا، "فلۆرەنس پارلی" كرد و دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان له كۆنفرانسێكی میدیاییدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.
پوخته‌ی وته‌كانی نێچیرڤان بارزانی
سه‌ردانی وه‌زیری به‌رگری فه‌ره‌نسا له كاتێكی هه‌ستیاردایه. هێشتا عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به پشتگیری و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش هه‌یه. وه‌ك چۆن پێویستمان به پشتیوانی سیاسی و ئابوورییشه.
فه‌ره‌نسا ئه‌ندامێكی كاریگه‌ری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییه بۆ تێكشكاندنی داعش. پشتیوانی و هاوكاری زۆری پێشكه‌ش به عێراق و هه‌رێمی كوردستان كردووه.
ئێمه به پێ‌زانین و بایه‌خه‌وه بۆ ئه‌م سه‌ردانه ده‌ڕوانین و ئه‌م سه‌ردانه نیشانه‌ی پشتگیری فه‌ره‌نسایه بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
فه‌ره‌نسا له زۆر قۆناغی دژوار‌دا پشتگیری له هه‌رێمی كوردستان كردووه. په‌یوه‌ندی له مێژینه هه‌ردوولا به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. هه‌ر له ساڵی 1986 تا راپه‌ڕینی 1991 و ئازادی عێراق و دواتریش، هه‌میشه فه‌ره‌نسا مامه‌ڵه‌یه‌كی دۆستانه‌ی نزیكی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كردووه.
گه‌لی كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه هه‌رگیز ئه‌و پشتگیرییه‌ی فه‌ره‌نسا له یاد ناكات.
جارێكی دیكه سووپاسی هه‌ڵوێستی سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م، كه له ئاڵۆزییه‌كانی پایزی 2017 گه‌مارۆی دیپلۆماسی له‌سه‌ر هه‌رێم شكاند و هاوكارمان بوو بۆ ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه و هاوكارمان بوو بۆ دیالۆگ و دانووستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
له شه‌ڕی دژی داعش، وێڕای هاوكاری سه‌ربازی، هاوكاری مرۆیی پێشكه‌ش به هه‌موو ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌موو پێكهاته ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كردووه. به تایبه‌تی پشتیوانیان بۆ خوشك و برایانی كریستیان و ئێزدی.
هه‌روه‌ها له فه‌ره‌نسا ده‌رگایان بۆ پێشوازی له ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و ئاوارانه كرده‌وه.
هه‌رێمی كوردستان ده‌رگای كار و وه‌به‌رهێنان بۆ كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كان له‌سه‌ر پشته. ده‌توانن به‌شداری له بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. به هه‌مان شێوه له بواره‌كانی سیاسی، ئابووری، كولتووری و ئه‌منییدا ده‌توانین زیاتر په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانمان بده‌ین.
تكایه جه‌نابی وه‌زیر سڵاومان بگه‌یه‌نه به یه‌كه به یه‌كه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی فه‌ره‌نسا كه له هه‌رێمی كوردستانن و سووپاسی رۆڵیان له تێكشكاندنی داعش ده‌كه‌ین. سووپاسی باڵیۆزی فه‌ره‌نسا له به‌غدا و كونسوڵی فه‌ره‌نسا له هه‌ولێر ده‌كه‌ین. سووپاس بۆ هاوكاری فه‌ره‌نسا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا له هه‌رێمی كوردستان.
له به‌رامبه‌ردا وه‌زیری به‌رگری فه‌ره‌نسا، "فلۆرەنس پارلی" له كۆنفرانسه میدیاییه‌كه‌دا گوتی:
زۆر سووپاس، جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم. به‌ڕێزان، ده‌مه‌وێت به گه‌رمییه‌وه سووپاسی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م. به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، زۆر سووپاس بۆ ئه‌م پێشوازییه، دوای سه‌ردانه‌كه‌م بۆ به‌غدا، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیشم كرد بۆ ده‌ربڕینی پشتیوانی فه‌ره‌نسا بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاڵنگاری گه‌وره بوونه‌ته‌وه، له رووی ته‌ندرووستی و بواره‌كانی دیكه.
رێزدار جه‌نابی سه‌رۆك، ئێمه له‌گه‌ڵ ئێوه‌داین له‌م قۆناغه سه‌خته‌دا. له رووی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشیشدا ئێمه له‌گه‌ڵ ئێوه‌ین و ئێمه هه‌مان دوژمنمان هه‌یه، كه ناوی داعشه. له‌م شه‌ڕه‌ی دژی داعشدا، خه‌باتی پێشمه‌رگه زۆر گرنگه. فه‌ره‌نسا شانازی به‌وه ده‌كات، كه‌له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه ئه‌م شه‌ڕه ده‌كات. ئه‌م شه‌ڕه‌ی كه ئێمه ماوه‌ی شه‌ش ساڵه ده‌یكه‌ین، شه‌ڕێكی قورس و سه‌خته، به‌ڵام زۆر گرنگه و ده‌بێت به‌رده‌وام بێت.
ئێمه به رژدی له‌گه‌ڵ ئێوه به‌رده‌وامین له شه‌ڕی دژ به داعش له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی. له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق باسی ئه‌وه‌مان كرد و جه‌نه‌راڵ وایت له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری حكومه‌تی فیدراڵی ئه‌و قسه‌یه‌مان كرد و له كۆتایشدا ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌وه بكه‌ینه‌وه، كه ئێمه زۆر نیگه‌رانین له ره‌وشی ئاسایش له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختم كرده‌وه ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له پشتگیری خۆمان، كه پشتیوانی زیاتر بكه‌ین و سه‌روه‌ری عێراق پێویسته بپارێزرێت و ئه‌و گرژیانه‌ی هه‌ن و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی نابێت بمێنێت و پێویسته دیالۆگی باش هه‌بێت له نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه و پێشم وایه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی كار بۆ ئه‌وه ده‌كات و پێكه‌وه ده‌توانین داعش تێكبشكێنین.
زۆر سووپاس.