شۆفێرێکی بارهەڵگری خەڵکی پیرانشار: هاووڵاتییان نۆرەیان بۆ نان و بەنزین گرتووە
جووڵەی بازرگانی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ئاسایی لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە بەڕێوەدەچێت و شۆفێرێکی بارهەڵگر دەڵێت: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ترس لەلای هاووڵاتییان دروستبووە.
هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، شۆفێرێکی بارهەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاخی ئۆمەران، باسی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تەیفور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24، دەکات و ئاماژە بەوەدەکات، لەشاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتیی کوردستان ترسێکی زۆر لەنێو هاووڵاتییاندا هەیە و نۆرەگرتن بۆ دەستکەوتنی نان زیادبووە، بەنزینیش کەمبووەتەوە.
ئەو شۆفێرە وەک خۆی دەڵێت: ئەمڕۆ بەیانی لەپیرانشارەوە هاتووەتە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، لەگەڵ بۆردوومانەکان ترسێکی زۆر لەلای خەڵکی دروستبووە.
هەر ئەمڕۆ بەیانی پەیامنێری کوردستان24، ئەوەی ڕاگەیاند، جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆکردن لە دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتی ئێران ئاساییە و ئەو گەشتیارانەی چونەتە ئێران ئەمڕۆ بەڕێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە هەرێم.
