لەسەر داوای ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی نەتەوەیەکگرتووەکان نارد و تێیدا داوای کردووە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی سزا بدرێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر داوای ئێران سەبارەت بە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە.

ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی بۆ 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی نەتەوەیەکگرتووەکان ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: ئیسرائیل هەموو سنوورەکانی بەزاندووە، بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت ڕێگە بەو تاوانە بدات و بێ سزا تێپەڕێت.

ئاماژەشی داوە، ئێران بەگوێرەی یاسای 51ـی نەتەوە یەکگرتووەکان پابەند دەبێت بە پاڕێزگاری کردن لە خۆی، بۆیە هێرشە نایاسایی و ترسنۆکەکانی ئیسرائیل وەڵامێکی گونجاو و یەکلاکەروەیان دەبێت.

هەروەها لە نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران هاتووە، هێرشەکانی ئیسرائیل تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەروەری وڵات و ئەندامانی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵکو کردەوەیەکی شەڕانگێز و تاوانی جەنگەییە.