پارتی وهڵامی دۆران كاڵكان دهداتهوه
"ئێوە تا ئێستا بە فەرھەنگی کوردی نادوێن و فێری زمانی کوردیش نەبوونە"
K24- ههولێر:
له بهیاننامهیهكدا دهزگای رۆشنبیری و راگهیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وهڵامی تۆمهتهكانی دۆران كاڵكان دهداتهوه و روو له كاڵكان جهختیش دهكاتهوه، ههر دەرفەتێك بۆ پێشخستنی قەزیەی کوردی هاتبێته پێش ئێوه لە دژی جووڵاون و ئاماژه بهوهش دهدات، پهیوهندی و رۆڵی یهكێتی نیشتیمانی كوردستان وهك حزبێكی هاوبهشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە حوکمڕانی ھەرێمی کوردستاندا دیاره.
دهقی وهڵامهكهی دهزگای رۆشنبیری و راگهیاندنی پارتی بۆ دۆران كاڵكان:
وەڵامێك بۆ دۆران کاڵکان و دەمامکدارەکانی پەکەکە….چیرۆکە وەھمیەکانتان نیشانەی ئیفلاسی سیاسییە
دوای ئەوەی جەمیل بایك و بەسێ ھۆزات، ھاوسەرۆکانی کەجەکە، لە بەخشینەوەی تۆمەت بە ھەرێمی کوردستان و، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتوو نەبوون و ھەڵمەتە راگەیاندنەکەیان شکستی برد، ئەمجارە دۆران کاڵکان و تاقمێکی پەکەکە؛ شانۆیەکی دیکە دەگێڕن بە بەخشینەوەی تۆمەت و قسەی نابەجێ دەرھەق بە پارتی دیموکراتی کوردستان، کێشەی ئەم تاقمەی پەکەکە لەوەدایە کە لەنێو ژینگەی وەھمدا غەرقبوون، لە بەرگێکی ئیفلاسی فکرییەوە و، لە بازنەیەکی بەتاڵدا بەدەوری وەھمێك دەخولێنەوە، کە نیەتی دژە کوردانەی ئەم تاقمە حەشار بدات و، بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی لە ھیچ پارچەیەکی کوردستاندا نەتوانێت تەکان بە ماف و چالاکییه مەدەنییهكانی خۆی بدات. ئەمان بە ھەر جۆرە دەستکەوتێکی سیاسی کە کورد لە ناوچەکەدا تۆماری کردبێ زۆر قەڵسن، یانیش ههر دەرفەتێك بۆ پێشخستنی قەزیەی کوردی هاتبێتهپێش لە دژی قەزیەکە جووڵاون….بۆیە ئەمجارەش بۆ پەردەپۆشکردنی رابردوویان دەیانەوێ خۆیان بخزێننە نێو شێواندنی مێژووی ناوچەکە و، بە نائومێدییەکی زۆرەوە دەستیان بۆ ھەندێ لێدوانی نابەجێ بردووە، کە ئەم جۆرە لێدوانانە ھەر لەم تاقمە دەوەشێتەوە…. لەدەسپێکدا دەیانەوێ پاکتاوی نێوخۆیان لە تەسفیەی حساباتی ھەواڵگریی و ئیفلاسی سیاسی بخەنە پاڵ ھەرێمی کوردستان و پارتی، بەم وەھمە دەیانەوێ لە پاڵ ھەندێ جووڵهی دەمامکدار رووی خۆیان لەنێو لایەنگرانیاندا سپی بکەنەوە و، بەسەر کارە چەوت و خراپکارییەکانیان بازبدەن و، بیانوو بە ھێزە کوردستانییەکان بگرن، ئەوان باش دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان وەك حزبێکی جەماوەری و مەیدانی لە تێکۆشانی سیاسی خۆیدا و، لە مێژووی ناوچەکەشدا خاوەنی گەورەترین تۆمار و وەرەقەی دۆکیۆمێنتكراوی پڕشکۆی کوردستانییە، بۆیە لێرەوە بە دۆران کاڵکان و تاقمه دەمامکدارهكه دەڵێین، لە ئەدەبیاتی پارتیدا (سەروەری گەل، تێکۆشان و بەرخودان) لەپێناو کورد و کوردستان بەبەردەوامی لە ھەناوی پارتییدا دەستکەوت و دهرفهتی مێژوویی بۆ کوردستان خولقاندوون و ناسنامەی کوردایەتیی لە رۆژھەڵاتی ناویندا دروستکردووە و پاراستوویەتی، نەوەك قڕکردنی گەل و گەمەکردن بە چارەنووسی گەل لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی!.. ئێوە کە تا ئێستا بە فەرھەنگی کوردی نادوێن و تهنانهت فێری زمانی کوردیش نەبوونە، پێمان ناڵێن بۆچی بهناوی كورد دهدوێن و بۆچیش لێرەن؟ ئێوە و ھاوبیرانتان پڕن لە راز و نیازی ئەملاوئەولا و له جۆلانەی سیاسی لەو سنوور بۆ ئەم سنوور وەك گاردێکی راسپێردراوی سەر سنوور رۆژ و شەو بەڕێ دەکەن لە پێناو مەرامێکدا کە دیارە خزمەتکاری کێن و، بۆ کێ ئەم راسپاردە سیاسییە بەجێ دەگەیەنن!.
لای خەڵکی کوردستان روونە بۆچی سەنگەری گورزوەشاندنتان لە بزووتنەوەی رزگاری خوازیکوردستان گرتووە، دەتانەوێ بە بەخشینەوەی تۆمەت شکستەکانتان پەردەپۆش بکەن و، بەرچاوی خەڵك بگرن؟ بە کۆمەڵێك پرسیاری نابەجێ دەتانەوێ مەرامەکانی ئەم ڤێرژنەتان بشارنەوە کە کۆپییەکەی بۆ لێدانە لە ئەزموونی کوردان؟ لە ھەرێمی کوردستان و لە باکوور و لە رۆژئاوایشدا، سیاسەتی میحوەریتان پێناسەی ئەو دەستوەردانەی لای کوردستانیان کەشفکردوون کە دەتانەوێ دەستکەوتەکانی کورد بە پێوەرێکی ئیقلیمی سفر کەنەوە.
ئەو تاقمهی پەکەکە لە لێدوانهكانیاندا سەیر خۆیان ئەبدەیت کردووە و، دەڵێی دنیا گۆڕاوە و، میلی وشەکانیان وەك خەمخۆری ئێستا بۆ یەکێتی دەردەبڕن!، ئێوە باشتره لە خەمی خۆتاندابن، ئەوەی لە لۆژیکی پارتی و وەك لە روئیاو پەیامیدا ھەیە بۆ حزبە سیاسییەکان روونە؛ یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەك حزبێکی ھاوبەشی پارتی لە حوکمڕانی ھەرێمی کوردستاندا پهیوهندی و ھەماھەنگی و رۆڵی دیارە و، روونیشە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە لە حوکمڕانی و شەراکەتی سیاسی و ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستان بەشدارن و پێویست بەوە ناکات ئێوە لەم تەوقیتە وشەی نابەجێ ریز بکەن و خۆتان بخزێننه ناو ئهو پرسهش..کە باسی ساڵانی نەوەدەکان دەکەن ناشێ بیرتان چووبێ كه چ شهڕێكتان لە باشووری کوردستان ھەڵگیرساند، چونکە نەتان دەویست لە ھەرێمدا ئەزموونی پەرلەمان و حکومەت و سەقامگیری سیاسی گەشەی حوکمڕانی کوردی لە ناوچەکە دەرخات و، وەك یەکەم ئەزموونی کوردی لە جوگرافیایەکی شەرعی دەنگی کوردان بۆ جیھان بڵند بکات، پەلاماری ئەم ئەزموونەتان دا و چەندین پێشمەرگەتان شەھید کرد، بەڵام ئەوەی کە سەیرە دیارە بەرپرسانی ئەم خەتەی قەندیل لە دۆران کاڵکان و تاقمەکەدا، تووشی نەخۆشی زەھایمەر و بیرچونەوە بوونە و، بواری بیرھاتنەوەی ئەم رۆژانەیان نەماوە، بۆیه لێرەوه ئەم رۆژانەتان دەخەینەوە زاکیرەتان، لە بیرتانە خوالێخۆشبوو مام جەلال لە ھۆلی پەرلەمان ماسکی سەر رووخسارتانی لاداو فکر و مەرام و کردەوەکانی ئێوەی بە خەڵکی ناساند و، درۆ و بوختان و چەواشەکارییەکانتانی ئاشکرا کرد، کە ئێوە چین و بۆچی ھاتوونەتە باشووری کوردستان و کارە چەپەڵەکانی ئێوەی بۆ خەڵك بەیان کرد... لەسەرەتای راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە دژی رژێمی پێشووی عێراق، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و لە سەرەتایی دروستکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە رۆڵی پارتی لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی کوردستان دیاربووە لە ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستان و ئاوەدانی و دروستکردنی ئەزموونی قۆناغی شار، ئێوەش لە تێکدانی گوند و ئاوایی و نەھامەتی و رفاندن و وەرگرتنی سەرانە و کرداری نابەجێ و تاوانكاری شوێن پهنجهتان جێماوە و، تەنانەت لەم نووسین و لێدوانانەی ئێستاشدا کە پارتی به ئەندازیاری شەڕ لە کوردستان و هاوكاری توركیا ناودهبهن، دیسان زاکیرەتان خیانهتی لێكردوون و یارمەتی نەداون کە ساڵی 1983تان بیربێتەوە كاتێك لە بەیاننامەی نێوخۆیتان بەو چەند خەڵکەی سهر سنوور دەڵێن کێشە لە سنوورهكان دروست بکەن لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی سوپای تورکیا بێتە نێو کوردستانەوە و، بارەگاکانی پارتی و حزبەکانی دیکە لەناو ببات و، دواتریش کە سوپای تورکیا کشایەوە، پەکەکە شوێنیان دەگرێتەوە، ئەوەیە ئەندازیاریی شەڕ و ھاوکاریکردنی سوپای تورکیا و جووڵەکردن لەگەڵیاندا نەوەك پارتی.
پارتی سەرفرازە کە دەیان ساڵ سەرکرادایەتی و پێشڕەوایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی کردووە و لەو پێناوەدا ھەزاران شەھیدی پێشکەشی گەل و نەتەوەکەی کردووه، دەیان دەستکەوتی بۆ نەتەوەکەی بەدەسھێناوه، رێکەوتنی یازدەی ئازار وەك نموونەی خەبات کە بەرھەمی پارتییە، ئەوکاتهی ئێوه لە ئەلفوبێی سیاسەتدا ھیچتان نەدەزانی، پارتی دەستکەوت و موعجیزەی بۆ گەلی کوردستان دەخولقاند. ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 1992 و دروستکردنی حکومەت بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکەی کوردستانە، کەس خێری پێنەکردووین، لە خۆڕایش ئەم تێکۆشانە نەھاتووە، ئێوەن کە چاوتان پێھەڵنایە و ئێستاشی لەگەڵدابێ دانتان بەم ئەزموونە نەناوە، ھەر ھەمان ساڵ شەڕتان بە ھەرێمی کوردستان فرۆشت، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناچاربوو بەرگریی لە خۆی کرد، پێشمەرگەکانی حکومەتی ھەرێم بوون، لە حەفتانین، خنێرە، خواکوڕك و لۆلان، زاب و مەتین بەرپەرچی دانەوە و، بارەگاکانتانی پێ پێچانەوە، ئەو پێشمهرگانهی بەرپەرچی شەڕفرۆشتنەکانی ئێوەیان دایەوە پێشمەرگەی کوردستان بوون نەوەك پارتی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێوە دان بە پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم دانانێن، بۆیە ناوی پارتی و یەکێتی دێنن..ئەگەر تورکیا چەند بارەگایەکی لە ھەرێم ھەبێ و، چهند شوێنێكی داگیر کردوون ئهوه ئێوە ھۆکاری راکێشانی تورکیا و ئهو داگیركاریه بوونە، لهوهش زیاتر خۆتان سەدان گوند و ناوچهتان داگیرکردووه و نه لێدهگهڕێن خهڵكهكهی به ئارامی تیایاندا بژی و نه رێگای حكومهتی ههرێمی كوردستانیش دهدهن خزمهتگوزاریان پێبگهیهنێ، خۆ داگیرکردن ھەر داگیرکارییە لە ھەر بەرگێکدا بێت، بۆیە سەرەتا ژینگەی ھەواڵگری خۆتان لە پاکتاوكردنی یەکتر یەکلابکەنەوە ئەوجا چیرۆکە وەھمیەکانتان بگێڕنەوە.
لە رۆژئاوای کوردستان، بەشاھێدی خەڵکی رۆژئاوا، دیارە کە رۆڵی تێکدەرانەتان سنووری تا کوێ بڕکردوه، لە رفاندنی کچ و کوڕی خەڵك، لە زیندانیکردن و لە ھێرشکردنە سەر گردبوونەوەی خەڵکی رۆژئاوا کاتێك یادی نەورۆز و بۆنەکانیان دەکردەوە و، لە داگرتن و سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و، دواتریش لە ھەڵواسینی وێنەو پەیکەری رژێمی سووریا، لە ئێستادا دەبینن لە رۆژئاوای کوردستان لەبەر کاری تێکدەرانەتان رەوایەتیتان لەنێو خەڵکی خۆشتان کە پێشووتر لەگەڵتان بوون نەماوە.. کە ئێوه تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بوونە، بهڵام خهڵكی بهئهمهكی رۆژئاوای كوردستان باشی لهبیره، كاتێك سهرۆك مهسعود بارزانی، سهرۆكی ههرێمی كوردستان و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی ھێزی پێشمەرگەیان بۆ پارێزگاریكردن لە کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان دا، خهڵك له بیریهتی كه پارتی دیموکراتی کوردستان چەندە پەرۆشی بەھاناوهچوونی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوو تا لە دەستی تیرۆریستانی داعش پارێزراو بن، له یادتان چوو كه چوونی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای کوردستان و بەرگریکردن لە کۆبانێ خاڵی وەرچەخان بوو و ھاوسەنگی ھێزی گۆڕی و داعش تێكشکێندرا و، دواتریش لە ھەرێمی کوردستان پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی بەتەواوی شکاند. لەخۆگرتنی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ھەرێم نمونەیەکی دیكهیه له ئاکاری پارتی و، حزبه رهسهنهكان كه بە روونی لە نێو زاکیرهی خەڵکی رۆژئاوای کوردستاندا چهسپاوه.. ئێوە بوون شەڕتان ھێنایە نێو رۆژئاوای کوردستان و، بوونە ھۆکاری ئاوارەبوونی خەڵك بە ھەمان ئەو سیناریۆیەی کە لە ساڵی 1983 بۆ باشووری کوردستانتان داڕشت و وەك سیگنالێك نیشانەتان دەدایە سوپای وڵاتانی ئیقلیمی چ بۆ ھاتنە ژوورەوە یانیش بۆ بۆردومانکردنی ناوچە سنووری و گوندەکان و تێکدان و کاولکاری کە بەھۆی ئێوەوە سەدان گوند دەستی ئاوەدانی پێنەگەیشت و تا ئێستاش خەڵك ناتوانێ بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی، چونکە ئێوە داگیرتان کردن و، دواتریش بوونه دهستكێشی سوپای تورکیا بۆ نێو ئەو دەڤەرانە.
ئەنەکەسە دروستکراوی دەرەکی نییە، بەڵکوو ئەنجوومەنێکی ھەڵقوڵاوی نێو پارتە سیاسییە رەسەنهكانی دڵی رۆژئاوای کوردستانە و، کۆمەڵێك حزبی تێکۆشەرن، بهڵام چونكه بە سیاسەتی چەوتی ئێوە رازی نەبوون، ناوناتۆرهی جۆراوجۆریان بۆ ھەڵدەبەستن، ئهوه لهكاتێكدا كه لە دانوستانەکانی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی كورد و چارهنووسی سووریا، وڵاتانی جیھان و کۆمەڵگەی مەدەنی و یوئێن و وڵاتانی ئەورووپی، شەرعیەتیان بە رەسەنایەتی ئەم ئەنجوومەنە داوە و، وهكو نوێنهری گهلی كورد له رۆژئاوای كوردستان بهشدارن لە گفتوگۆكانی جنێف و ئاستانە و ههروهها لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریاشدا، ئێستاش کە ئەنەکەسە و تەڤدەم لە دانوستاندان بەدەر لە دەستوەردانی ئێوە، دەتوانن لەسەر بنهمای رێکەوتنەکانی دھۆك و ھەولێر بگەنە ئەنجامی دڵخۆشکەر کە سوودی بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و تهواوی پرسی كورد ھەبێت. لهوان گهڕێن و وڵامی ئهو پرسیارانه بدهنهوه، ئەرێ ئێوە وەك دۆران کاڵکان و بایك و تاقمەکەی قەندیل چیتان کرد لە سەرێ کانی و گرێ سپی و، عەفرین؟ کوا ئەو ڤێتنامەی کە دەتانگوت لەوێ بەرپای دەکەین؟ جگە لە چەند قسەیەکی بریقەدار لە قەندیلەوە چیتان کرد؟ کوا بەرھەمی ھەڕەشەکانتان؟ ئێوه کە خۆتان کردووە بە گاردی سنوورەکان کەچی له راستیدا سهپانی گەمەیهكی ئیقلیمین بە چەواشەکاری دەتانەوێ سۆزی خەڵکی پارچەکانی کوردستان راکێشن، بەڵام لە واقیعدا پاسهوانی بەرژەوەندی گەمەیەکی ئیقلیمین ئەمە ناوبنێین چی؟. لە خۆتان نەپرسیووە لە ھەڵەبجە و گەرمیان و پێنجوین و ماوەت و تا دەگاتە مەتین و گارە خەریكی چین؟ کەمێك رووی خۆتان سپی کەنەوە و بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی کە لێوەی ھاتوون و بۆی دروست بوون، بۆیە لە ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو وەك لەسەرەتا باسمان کرد کە لە رووی فیکریهوه ئیفلاستان کردووە، لە رووی مێژوویشەوە ماسکی سەر روخسارتان لادەبەین و ئیفلاسی مێژوویتان رادەگەیەنین، ئەمجارەش پێتان دەڵێین: کە ئینشیقاقی نێو ریزەکانتان و پاکتاوی نێوخۆییتان لە تەسفیەی ھەواڵگری ئیقلیمیدا کە رۆژ دوای رۆژ مەرامەکانتان لەنێو رای گشتی کوردستان و رەوەندی كوردی لە ئیفلاسدایە و، لەنێو سایکۆلۆژیەتی کوردستانیانیشدا ئێوە کۆتایی فکریتان ھاتووە، بۆیە ئەگەر لەسەر ئەم عەقڵیەتە بڕۆن، وهكو ئهو کێوە بەفرینانهتان کە بە مۆسیقا وێناتان دەکرد، دهتوێنهوه و، ئاوازهكانیشتان له گوێچکەی خەڵکی خۆتاندا کۆتایی ھاتووە و خەڵك لە مەرامەکانتان تێگەیشتوون.
لە کۆتایدا لەبارەی باکووری کوردستانیش ئەو بەڵگەیە بهسه کە باکوورییەکان لەسەر شاشە و تیڤییەکان ھاواریان دەکرد کە پەکەکە نەھامەتی بۆ ھێناون و، درۆیان لەگەڵ قەزیەی کوردی کرد و دەرفەتی ئاشتیان لەبار برد... بۆیە کاتێ دەست بۆ مێژوو درێژدەکەن، ئاگاداربن تۆمەت و بوختانتان ھیچ بڕناکات و، وەك ھەمیشە پێشوەختە دۆڕاون لەبەردەم ئەوانەی کە دروستكهری مێژووی راستەقینەی پرسی کورد و خولقێنهری بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و رێبهری تێكۆشانه راستهقینه و پهسهندهكهی كوردستانیانن...
بهشی رۆژنامهوانیی دهزگای رۆشنبیری و راگهیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
28ی ئابی 2020