کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هات

هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکانی ئسیرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کۆبووەوە.

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان

مکۆی پێت، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێرانی بە هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکە ناساند و گوتی: ئێران بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە هێرشی کردووتە سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل، هاوکات لە ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەستی هەبووە.

مکۆی پێت قسەکەی سەرۆکی ئەمەریکای دووپات کردەوە، کە نابێت ڕژێمێکی مەترسیداری وەکوو ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

نوێنەری ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، ئاگادری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوون، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەشداری هێرشەکەیان نە کردووە.

گوتیشی: کاری لە پێشینەی ئێمە پاراستنی هاووڵاتی و کارمەند و هێزەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا.

جەختیشی کردەوە، ئەمەریکا لە هەوڵەکانی بۆ چارەکردنی پرسی ئەتۆمی ئێران بەشێوەی دیپلۆماسیانە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. گوتیشی: لەم کاتەدا سەرکردەکانی ئێران دەبێت ژیرانە بڕیار بدەن و بگەڕێنەوە بۆ دانوستان.

کۆی پێت، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان 

 

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان

ئەمیر ئیروانی، نوێنەری هەمیشەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند هێرشه‌كانی ئیسرائیل پێشێلكارییه‌كی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هاوکات کوشتنی فەرماندە و زاناکانمان بە تەواوی تاوانی جەنگە، بۆیە سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كان ده‌كه‌ین.

ئاماژەشی دا، هێرشه‌كانی ئیسرائیل بە تەنیا نایاسایی و نامرۆڤانە نین، بەڵکو كارێكی تیرۆریستانەیە.

هۆشداریشی دا، هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان کارێکی هۆشیارانە نییە، بەڵکوو کارەسات ڕوودەدات.

نوێنه‌ری ئێران: ئەوانەی کە پشتگیری هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن وەکوو ئه‌مەریكا، دەبێت لەوە تێبگەن کە ئەوانیش بەشداری ئەو تاوانە دەکەن.

ئەمیر ئیروانی، نوێنەری هەمیشەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان 

 

نوێنه‌ری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان

دانی دانۆن، نوێنه‌ری هەمیشەی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئامانجمان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆگرامی ئه‌تۆمی ئێرانه.

باسی لەوەش کرد، هه‌رگیز چاوپۆشی له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران ناكه‌ن.

نوێنه‌ری ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، ئێران ڕێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی گه‌یاندووه‌ته‌ %60، بۆ ئەمەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تۆمەتبار کرد کە ڕێگریان لە ئێران نە کردووە.

دانی دانۆن، نوێنه‌ری هەمیشەی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان 

بەرپرسی سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان

ڕۆزماری دیکارلۆ، بەرپرسی سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئێران کاریگەری لەسەر سەرانسەری ناوچەکە دەبێت.

هەروەها ڕۆزماری دیکارلۆ، دووپاتی کردەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی سەرۆکۆنەی پەرەسەندنی هێرشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

داواشی لە هەردوو وڵات کرد دانە بەخۆیاندا بگرن، بۆ ئەوەی دۆخەکە نەچێتە شەڕێکی ناوچەیی گەورەتر.

ئاماژەی بەوەشکرد پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لە کاتێکدایە کە پێشکەوتنیکی دیپلۆماسی باش لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دا هەبوو. داواشی کرد بە شێوەی ئاشتییانە کێشەکان چارە بکەن.

گوتیشی: بۆ ڕێگریکردن لە فراوانوونی شەڕ، دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین.

ڕۆزماری دیکارلۆ، بەرپرسی سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان

 

نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان 

باربێرا ودوۆرد، نوێنەری هەمیشەی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەشدار نەبووینە، هاوکات داوامان لە هەر دوو وڵات کردووە گرژییەکان کەمبکەنەوە. 

نوێنەری بەریتانیا گوتیشی: لەگەڵ ئەوەین بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوانیان بژاردەی سەربازی بەکارنەهێنرێت.

نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان

ڤاسیلی نەبینزیا، نوێنەری هەمیشەی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد و گوتی: هێرشەکانی ئیسرائیل دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانە، هۆشداری دا کردەوەکانی ئەو وڵاتە دەبێتە هۆی کارەساتێکی گەورە لە ناوچەکە.

هاوکات نوێنەری ڕووسیا رەخنە لە وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنی 2015 دەگرێت بەهۆی ئەو سیاسەتی بەرانبەر ئێران بەکارییان هێناوە.

باسی لەوەش کرد ئێران دەیەوێت بە ئاشتییانە کێشەکان چارە بکات.

ڤاسیلی نەبینزیا، نوێنەری هەمیشەی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان

 

نوێنه‌ری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان

عەباس کازم نوێنه‌ری هەمیشەی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل کرد و گوتی: پێشێلكردنی ئاسمانی وڵاته‌كه‌مان كارێكی ناڕه‌وایه.

نوێنه‌ری عێراق گوتیشی: پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ڵوێستێكی جددیان لەو بارەیەوە هه‌بێت.