ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی ھەڵدەكشێتەوە

نزیكەی 30 تووشبوو باری تەندروستیان ناجێگیرە

K24 – سلێمانی

لەم چەند رۆژەی دواییدا جارێكی دیكە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی بەرزبووەوە.

د. ھێرش حەیدەر، سەرپەشتیاری رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە سلێمانی لە ھەڵكشانە، ھۆكارەكەشی پابەند نەبوونی ھاووڵاتییانە بە رێنماییەكان".

روونیشی كردەوە: "ئێستا رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە دەرەوەی شارەكان زیادیكردووە، بەشێك لە نەخۆشەكان لە ھەندێك شاری كوردستان و عێراقیش دێنە نەخۆشخانەكانی سلێمانی، لۆدی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكانە".

سەرپەشتیاری رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی، راشیگەیاند: "نزیكەی 30 تووشبووی كۆرۆنا لە سلێمانی باری تەندروستیان ناجێگیرە و ئەمڕۆش یەكێكی دیكە گیانی لەدەستدا".

گوتیشی: "ترسمان لەوەیە لەگەڵ ھاتنی وەرزی پایز شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا دەست پێبكات و لۆدی زیاتر بكەوێتە سەر نەخۆشخانەكان".