میدیاکان: ئێران لە هێرشەکانیدا مووشەکی قاسم سولەیمانی بەکار هێناوە

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فارس، ئێران لە هێرشەکانی ئەم شەوی بۆ سەر ئیسرائیل مووشەکی بالیستیکی جۆری 'حاجی قاسم'ی بەکار هێناوە.

عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران لە 4ـی ئایاری 2025 ڕایگەیاندبوو، مووشەکە نوێیەکانیان دەتوانن سیستمی پاتریۆت و سیستەمی مووشەکی 'ساد' ببڕن، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکار دەهێنرێت.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، مووشەکی 'حاجی قاسم' لە مانگی ئایاری ئەمساڵ نمایش کرا، کە دەتوانێت هەزار و 200 کیلۆمەتر بڕوات و ئامانجەکەی بپێکێت. هاوکات مووشەکەکە سیستەمی پێشکەوتووی ڕێنیشاندەری هەیە.

ناوی موشەکەکە بە ناوی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودس کراوە، کە لە کانوونی دووەمی 2020 لە عێراق بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کوژرا. 

جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە سێیەم ڕۆژ، هاوکات ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی بەناوی'هەستانەوەی شێر' و ئێرانیش ئۆپەراسیۆنەکانی بە ناوی 'بەڵێنی ڕاستگۆی 3' دەستی پێ کردووە.