سەرۆکی دادگای فیدراڵی: پێویستە بە پێی یاسا كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارە بکرێت

کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵی
کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵی

سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەخت لە چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا، دەستوور و بڕیارەکانی دادگا دەکەنەوە. 

یەکشەممە، 15-06-2025، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیی لە دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کرد. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە دۆزینەوەی چارەی کۆتایی بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور، یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، کردووەتەوە. 

وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، سەرۆکی دادگای فیدراڵیش دووپاتی کردووەتەوە "پێویستە بە پێی یاسا، قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارە بکرێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 12-06-2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییەکانی حکوومەتی فیدراڵی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند "بۆ ماوەی 11 ساڵە حكوومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێك بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە."

ڕاشیگەیاند "حكوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێك بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست ولەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک ڕاگرت. بەڵام حكوومەتی فیدراڵی هەموو مانگێك مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێم نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق. لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 ترلیۆن دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ملیار دینار نێردراوە."