ئەحمەد هوشیار: تا ئێستا 220 گەشت لە فڕۆکەخانەی هەولێر هەڵوەشێنراونەتەوە
ئەحمەد هوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەوەتەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ کردووە و ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکان داخرا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش 220 گەشتی ئاسمانیی هەڵوەشاندەوە.
یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، ئەحمەد هوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دیار نییە. دەڵێت: ڕۆژانە عێراق بەهۆی وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکانی، 270 هەزار دۆلار زیان دەکات.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایگەیاند: تاکو مەترسی لەسەر ئاسمانی عێراق هەبێت، گەشتە ئاسمانییەکان دەست پێ ناکەنەوە.
بە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەشێک لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسمانی وڵاتەکانیان بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکان داخست، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژی دواتر چەند وڵاتێک ئاسمانیان بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخست، کەچی جارێکی دیکە بەهۆی بەردەوامبوون و چڕی هێرشە مووشەکییەکانی هەردوو وڵات بۆ سەر یەکتر، جارێکی دیکە ئەو وڵاتانە ئاسمانییان بەڕووی گەشتەکاندا داخستەوە.