ئەستێرەكانی ئینتەر مەیامی لە رێگەی كوردستان24 پەیامێك دەنێرن
تیلاسکۆ سێگۆڤیا: مێسی هەمیشە هانمان دەدات بوێر بین
لە یەکەمین یاریی كردنەوەی مۆندیالی یانەکان و لە کۆمەڵەی یەکەمی پاڵەوانێتیەکە، ئینتەر مەیامی ئەمریکی و ئەهلی مسڕی رووبەڕووی یەکتری بوونەوە، تیپەكەی لیۆنێل مێسی بە زەحمەت لە شكست رزگاری بوو، لویس سوارێز هێرشبەری یانەی ئینتەر مەیامی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند سوپاسی لیۆنێل مێسی دەكەن كە هاوكاری تیپەكەی كردة ئەزموونی ئەو وایكرد لە یەكەمین یاریی مۆندیالی یانەكان تووشی شكست نەبن.
لە یەکەم یاریی مۆندیالی یانەکان، ئینتەر مەیامی میوانداریی پاڵەوانێتیەکە، بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی رووبەڕووی ئەهلی میسڕی بوونەوە، لە کۆتاییدا یارییەکە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هات. نیوەی یەکەمی یارییەکە، مەحموود حسێن ترێزیگێ یاریزانی ئەهلی میسڕی، لێدانێکی سزای لەدەستدا و نەیتوانی سێ خاڵی یارییەکە بۆ یانەکەی بەدەست بهێنێت.
لویس سوارێز چی بە كوردستان24 گوت؟
لەو یارییەدا نێردراوی كوردستان24 بۆ ئەمریكا (شوكر محەمەد) لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە ئامادە بوو، لە دوای یارییەكە لویس سوارێز هێرشبەری ئۆروگوایی یانەی ئینتەر میلان رایگەیاند لە یاریی داهاتوو قەرەبووی ئەو یەكسانبوونەكە دەكەنەوە، گوتیشی: "هەرچەندە براوە نەبووین بەڵام رازیم بەم ئەنجامە، پێموانییە پێویستیمان بەوە بێت باشتر بین، تەنیا پێویستە لە یاریی داهاتوو گۆڵ بکەین، دەمانەوێت هەمووان بزانن کە ئێمە بۆچی لێرەین، دەمانەوێت رکابەری بکەین و سەرکەوتووبین، دەزانین پاڵەوانێتییەکی قورسە، بەڵام ئێستا ئەو ساتەیە کە پێویستە بیسەلمێنین ئینتەر میامی تیپێکی گەورەیە"
لویس سوارێز هێرشبەرەكەی پێشووتری بارسێلۆنا بە كوردستان24ـی راگەیاند لەم یارییە سەرکردەی تیپەکان لیۆنێل مێسی وایکرد بەرامبەر یانەی یەهلی پاڵەوانی کیشوەری ئەفریقیا نەدۆڕێن، چونكە هەمووان دەزانن مێسی كێیە، دەشڵێت: هەرچەندە لە نیوەی دووەم چەندین هەلمان بۆ رەخسا دەمانتوانی سێ خاڵی یارییەكە بەدەست بەهێنین و ئەوانمان ناچار كرد بگەرێنەوە دواوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێرشە پیجەوانەكانی ئەوانیش مەترسیدار بوون، بەڵام بەڵێن دەدەین بۆ یارییەکانی داهاتوو ئاستێكی باشتر پێشكەش بكەین و پاڵەپەستۆی زیاتر لەسەر تیپی بەرامبەر دروست بكەین.
رزگاركەرەكەی مەیامی پەیامێكی لە رێگەی كوردستان24 راگەیاند
ئۆسکار ئۆستاری گۆڵپارێزی ئینتەر میامی کە ئێستا تەمەنی 38 ساڵە، لە ساڵی 2022 وازی لە یارییکردن هێنا، بەڵام لە ساڵی 2024 گەڕایەوە یارییکردن، لە یاریی کردنەوەی مۆندیالی 2025ـی یانەکان پیاوی یەکەمی یارییەکەی ئینتەر مەیامی و ئەهلی بوو، دوای ئەوەی ئاستێکی مێژوویی پێشکەش کرد و یانەکەی لە دۆڕان رزگار کرد، لێدانێکی سزای گەڕاندەوە لەگەڵ بەرپەرچدانەوەی چەندان هێرشی مەترسیداری ئەهلی میسری.
لەمبارەیەوە ئۆستاری گۆڵپارێزی ئینتەر مەیامی لە دوای یارییەكە بە كوردستان24ـی گوت: ئێمە بۆ 3 خاڵی یارییەكە هاتینە نێو یاریگە، بەڵام تووشی زەحمەتی بووین، هەر چۆنێك بێت، ئەزموونی یاریزانەكانمان وایكرد خۆمان بەدەستەوە نەدەین، ئەم خاڵەش بۆ ئێمە تامی سەركەوتن دەدات، فشارەكانی تاڕادەیەك بۆ یاریی داهاتوومان بەرامبەر پۆرتۆ كەمكردەوە.
تیلاسکۆ: هەمیشە مێسی هانمان دەدات بوێر بین.
تیلاسکۆ سێگۆڤیا یاریزانی ئینتەر مەیامی، دوای كۆتایی هاتنی یارییەكە، لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند ئەوان هەست بە بێهیوایی ناكەن، دەشڵێت: "یارییەکی باشمان کرد، بەڵام نەمانتوانی گۆڵ بکەین، لە یاریی داهاتوو باشتر دەردەکەوین و قەرەبووی دەکەینەوە، ئامانجیشمان بردنەوەی نازناوەکەیە، بێگومان، مێسی پاڵپشتێکی گەورەی ئێمەیە، هەمیشە هانمان دەدات بە بوێری بۆ سەرکەوتن بجەنگێین.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یاریزانی لاوی ئینتەر مەیامی بنجامین گوتی: مێسی هانی ئێمەی دا نەترسین و لەنێو بۆكسی خۆمان بێینە دەرەوە و بچینە پێشەوە و بوێرانە یاری بکەن، داوای لێكردین بچنە ناو یارییەکە و تۆپ لای خۆمان بهێڵنەوە و وەک پاڵەوان یاری بکەن.
ئینتەر مەیامی یاری داهاتوو رۆژی 19ـی ئەم مانگە، واتە چوار رۆژی دیکە کاتژمێر 10:00ـی شەو بەکاتی هەولێر بەرامبەر پۆرتۆی پۆرتوگاڵی دەبێت، لەبەرامبەردا ئەهلی میسڕیش یاری دووەمی لە هەمان رۆژ بەرامبەر پاڵمێراسی بەڕازیلی دەبێت.