کاروان ستونی: بەرەبەیانی ئەمڕۆ حاجیانی هەولێر دەگەڕێنەوە کوردستان

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چەند کاتژمێرێکی دیکە حاجیانی هەولێر دەگەنەوە زێدی خۆیان.

کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومڕەی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، حاجیانی هەولێر ئێستا لە پارێزگای ئەنبارەوە بە ڕێگەی وشکانی بەڕێ کەوتوون و چاوەڕوان دەکرێت کاتژمێر 5 بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، بگەنەوە هەولێر.

 هەروەها ئاماژەی داوە، بەشێک لەو حاجیانە لە بەردەم پارکی شانەدەر و بە شێکی دیکەیان لە بەردەم مزگەوتی فیردەوس دادەبەزن و کەسوکارەکانیان دەتوانن پێشوازیان لێ بکەن.

ڕۆژی هەینی، 16ـی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بەڕێ کەوتن، ڕۆژی دووشەممە، 19ـی ئایار یەکەم کاروانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەیی ئاسمانی، لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ کەوتن.

پێشتر نەبەز ئیسماعیل کەمال، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو، ژمارەی حاجییانی هەرێمی کوردستان دوای گیان لەدەستدانی ئەو حاجییەی زاخۆ بووە پێنج هەزار و 135 کەس.