وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: بەم نزیکانە تاران باجی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەدات

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیاند "بەم نزیکانە تاران باجەکی ئەو هێرشانە دەدات."

دەشڵێت: "ئێران بە ئەنقەست هاووڵاتییانی مەدەنی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج."

لای خۆیەوە کەناڵی 12 ئیسرائیل، ڕایگەیاند "لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا ئێران 11 هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل کردووە و 370 مووشەک و زیاتر لە 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵداوە."

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی قوربانییانی ئیسرائیل بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران گەیشتووەتە 19 کەس و 400 کەسی دیکەش بریندارە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون