ئه‌ردۆغان: سه‌پاندنی هیچ په‌یمانێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی "سیڤه‌ر" قبوڵ ناكه‌ین
"ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی سنوورداركردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌مان ده‌ده‌ن هه‌مان ئه‌وانه‌ن كه به‌ر له سه‌ده‌یه‌ك ده‌یانویست خاكه‌كه‌مان داگیر بكه‌ن"
K24- هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، تا ئه‌مڕۆ وڵاته‌كه‌ی له تێكۆشان به‌رده‌وامه و نه‌ته‌وه‌ی تورك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له شكستپێهێنانی هه‌وڵه‌كانی سه‌پاندنی په‌یمانێكی نوێی "سیڤه‌ر" له "نیشتمانی شین" كه مه‌به‌ستی "ئاوه هه‌رێمییه‌كانه"، سڵ ناكاته‌وه.
سه‌رۆك كۆماری توركیا له نامه‌یه‌كدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی سه‌ركه‌وتن كه ساڵانه توركیا له 30 مانگی ئاب سازی ده‌كات، گوتی: "ئه‌وانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئێستا ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌مان له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپی سنووردار بكه‌ن، هه‌مان ئه‌وانه‌ن كه به‌ر له سه‌ده‌یه‌ك هه‌وڵیان ده‌دا خاكه‌كه‌مان داگیر بكه‌ن".
ئه‌ردۆغان له نامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و تێكۆشانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كه له ساڵی 1919 به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كه‌مال (ئه‌تاتورك)، دامه‌زرێنه‌ری وڵاته‌كه‌یان ده‌ستیپێكرد، بووه هۆی سه‌ركه‌وتنێكی حاشا هه‌ڵنه‌گر و به‌رده‌وام له میانه‌ی جه‌نگی "دوملوپینار" له 30ی ئابی ساڵی 1922"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌نێوان یۆنان و توركیا روویدا و له كۆتاییدا یۆنانییه‌كان به‌رامبه‌ر به توركیا شكستیانهێنا.
دووپاتیشیكرده‌وه، "ئه‌و سه‌ركه‌وتنه وه‌ك په‌یامێكی نوێ بوو بۆ جیهان، به‌وه‌ی كه ئه‌م خاكه "توركیا" نیشتمانی هه‌میشه‌یی و زیندوومانه، هه‌روه‌ها راگه‌یاندنی هه‌ڵسانه‌وه و بووژانه‌وه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌لی توركیا بوو بۆ سه‌ر شانۆی مێژوو، دوای ئه‌وه‌ی ویستیان له‌ناویان به‌رن".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا به‌هۆی چالاكیی كه‌شتییه‌كانی توركیا بۆ كنه و پشكنین له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست به‌دوای سه‌رچاوه‌ی وزه‌دا، گرژی نێوان ئه‌نقه‌ره و ئه‌سینا به‌جۆرێك ئاڵۆزی تێكه‌وتووه، كه هه‌ردوو لا هه‌ڕه‌شه له یه‌كتر ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ