بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر: ڕێژەیەکی زۆر باشی هاووڵاتییان خۆیان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمارکردووە

بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند، هەر هاووڵاتییەک کێشەی لە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەڵیکترۆنی خۆراک هەبێت، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکات، داواش دەکات بەر لە کۆتا وادە هەموویان خۆیان تۆمەر بکەن بۆ ئەوەی بەشە خۆراکیان نەبڕدرێت.

سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، بە ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24 ڕاگەیاند، ڕێژەیەکی زۆر باشی هاووڵاتییان خۆیان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمارکردووە، بەشێوەیەک لە 3ـی حوزەیران تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس خۆیان تۆمار کردووە.

دووپاتیشێ کردەوە کە 5ـی تەمووز، کۆتا وادەیە بۆ خۆ تۆمارکردن، بەڵام ئەگەر ڕێژەیەکی زۆر هاووڵاتییان خۆیان تۆمار نەکرد، ئەوە بە نووسراوی فەرمی داوا لە وەزارەتی بازرگانی، فەرمانگەی پلان و بەدواداچوونی عێراق دەکەین بۆ دوو هەفتە وادەکە درێژ بکەنەوە، چونکە نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە پارێزگای هەولێر لەو پرۆسەیە بەشدارن.

هەروەها هۆشداریشی دا، ئەو هاووڵاتییانەی کێشەیان لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکە هەیە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکەن و کێشەکانیان چارە بکەن.

هاوکات لەبارەی ئەو منداڵانەی تازە لە دایکبوونە و بەشە خۆراکیان نییە گوتی: دەبێت چاوەرێ بکریت تاوەکوو بەرنامەکە نوێ بکرێتەوە و خزمەتگوزاری زیادکردنی ناوی منداڵ چالاک دەکرێت. پێشبینیش دەکات دوو مانگی دیکە کارا بکرێت.

گوتیشی: هەر هاووڵاتییەک بۆ خۆ تۆمارکردن پێویستی بە کارتی نیشتمانییە، ئەو هاووڵاتییانە کارتی نیشتمانییان بەسەر چووە دەتوان لە نێو بەرنامەکە بژاردەی نوێ کردنەوە هەڵبژڕێن تاوەکوو نوێی دەکەنەوە، بەمەش بەشە خۆراکیان نابڕدرێت. 

باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانەی کە هاووڵاتی کوردستانبن یان هاووڵاتیی بیانی بن و کارتی نیشتمانییان نەبێت، ناتوانن خۆیان تۆمار بکەن و بەشە خۆراکیان ڕادەگیرێت.