دوو قوتابی کورد لە تاران بریندار بوون

قوتابییەکی کورد کە ئێستا لە ئێران دەخوێنێت، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حکوومەتی ئێران داوای لێیان کردووە بە پەلە وڵاتەکە بەجێ بێڵن، قوتابییەکی دیکەش دەڵێت: دوو قوتابی کورد، لە بەشی ناوخۆیی کۆلیژی پزیشکی تاران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو شارە، بریندار بوون.

سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، ژمارەیەک قوتابی کورد کە لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن، بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەڕێنرانەوە کوردستان.

عەلی سەعید، بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهەماهەنگیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆری ئەو هاووڵاتییانەی کوردستان کە لە ئێران گیریان خواردبوو، گەڕێنرانەوە.

بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماژەی بەوەش کرد، 40 هاووڵاتیی دیکەش کە بۆ سەردانی پزیشک، چووبوونە تاران و گیریان خواردبوو، گەیەنراونەتەوە نزیک سنووری هەرێمی کوردستان، چەند کاتژمێرێکی دیکە ئەوانیش دەگەنەوە کوردستان.

قوتابییەکی کورد کە لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی تاران دەخوێنێت، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوو قوتابی کورد بە بۆمبارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، بریندار بوون.

قوتابییەکی دیکەش گوتی: حکوومەتی ئێران بۆ سەلامەتی گیانی ئێمە، پێی گوتین، بەپەلە تاران بەجێ بێڵین.