محەممەد ئیحسان: زۆر شت لە عێراق دەگۆڕدرێت، گۆڕانکارییەکە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە
سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، کۆنفرانسێک دەربارەی پێشهاتەکان و دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی بۆغازئیچی لە ئیستانبوڵ بەڕێوە دەچێت.
لەوبارەوە د. محەممەد ئیحسان، شرۆڤەکاری سیاسیی، لە ئیستانبوڵەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کێشەی کوردەکان لە هەرچوار پارچە هەر یەکە و بەشێوەیەکە، بۆیە ئێمە دەبێت هاوکاریی یەک بکەین، حیساب بۆ ئایندە بکەین، هەروەها مافی خۆمان بپارێزین. ئەو هەڵانەی کورد لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی کردی، ئێمە دووبارەی نەکەینەوە، چونکە ئەو شەڕە کاریگەریی لە شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی کەمتر نییە، هەروەها دەرفەتی زۆر باش بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان هەیە، لەبەرامبەردا مەترسییش هەیە، بۆیە پێویستە خۆمان ئامادە بکەین.
گوتییشی: پڕیشکی شەڕ هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، هەروەها دوو کاریگەرییشی دەبێت کورتخایەن و درێژ خایەن. کاریگەریی کورتخایەن زۆر بەڕوونی لەسەر عێراق بەدیار دەکەوێت، ڕەنگە زۆر شتیش لە عێراق بگۆڕدرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، زۆر شت لەسەر عێراق دەچەسپێنرێت هەروەک لەسەر ئێران و وڵاتانی دیکە چەسپێنراون، بۆیە ڕاستییەک هەیە، ئەویش گۆڕانکاریی لە ناوچەکەدا دەکرێت؛ بۆیە لەم قۆناغەدا کەس ناتوانێت باسی ئاشتی بکات.