ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دواهەمین ڕاپۆرتەکانی لەبارەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بڵاو کردەوە
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، لە دواهەمین ڕاپۆرتەکاندا بۆیان دەرکەوتەوە لە دامەزراوەی نەتەنز زیانی پێگەیشتووە.
سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، بەگوێرەی شیکاری وێنەکانی مانگی دەستکرد، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی زانیویەتی، لە دوای هێرشەکانی ڕۆژی هەینی لەلایەن ئیسرائیلەوە هۆڵی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز زیانی بەرکەوتووە.
ڕوونیشی کردووەتەوە، لە شیکارەکاندا هەندێک هێما و توخمی کیمیاییان بینیوە.
هەروەها ئاماژەشی داوە، دامەزراوەی فەردۆ و ئەسفەهان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
هاوکات ئاژانسە میدیایەکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی کوشندە دەکاتە سەر ئێران، کە ئامانجیان دامەزراوەی فەردۆوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.