ئاکسیۆس: ترەمپ بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ ناتانیاهۆ کردووە

ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ سێشەممە، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆی کردووە."
ئەوەش دوای ئەوە هات کە ترەمپ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ تاوتوێکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بانگهێشت کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکی ئەمەریکا بیر لەوە دەکاتەوە بەشداری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکات لە دژی هێرسەکانی ئێران.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە "ژووری ئۆپەراسیۆنەکان" کاتژمێرێک و 20 خولەکی خایاندووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
ئیسرائیل و ئێران بە هێرشی مووشەکی هەڕەشە لەیەک دەکەن و ئەمەش ترسی هەڵکشانی سەربازیی زیاتر کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و شوێنە سەربازی و ئەتۆمییەکانی کردە ئامانج. هەروەها ئیسرائیل چەند فەرماندەیەکی سەربازیی ئێران و زانایانی ئەتۆمی کوشتووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زانیاری هەواڵگرییان هەیە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.