مەسرور بارزانی: مووچە بابەتێکی گرنگ و مافی خەڵکە و نەدانی ستەمە، بۆیە نامەم بۆ دادگای فیدراڵ ناردووە
سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بارەی مووچەوە گوتی: مووچە بابەتێکی گرنگ و مافی خەڵکە و نەدانی مووچە ستەمە لە خەڵک دەکرێت، هەربۆیە نامەم بۆ دادگای فیدراڵی ناردوە بۆ ئەوەی چارەی ئەم بابەتە بکەین.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی گوتیشی: لەم یەک دوو ڕۆژەدا نامەم بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە و چاوەڕوانین و هیوادارین دادگا لە قازانجی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیار بدات .
هەروەها پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیویەتی: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند"گرنگترین بابەت کە دەست بە قسەکانم بکەم لەم کۆبونەوەیەدا بابەتی موچەیە".
ئاماژەشیداوە، کە دوو ڕۆژ لەمەوپێش، سەرۆک وەزیران نامەیەکی تایبەتی بۆ دادگای فیدراڵی عێراق ناردووە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە دادگای فیدراڵی کۆ بێتەوە و بڕیار لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات.
ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەی ئاسایی دایە و سێ بڕگە تاووتوێ دەکات.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕۆژنامەوانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاوی کردووەتەوە، لە بڕگەی یەكەمی کۆبوونەوەکەدا دوایین دۆخی ناوچەكە و شەڕ و ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان، تاوتوێ دەکرێت.
هەروەها بڕگەی دووەمدا تایبەتە بە گفتوگۆ لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی 20% بۆ شەش مانگی دیكە، کە 1ی تەممووزەوە تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025 بەردەوام بێت.
لە بڕگەی سێیەمدا، بەدواداچوون دەكرێت بۆ بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ژمارە 159 لە ڕێكەوتی 19ی ئاداری 2025 تایبەت بە دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكیی گشتی و خستنەڕووی وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ئەم بابەتە بە نووسراویان ژمارە 1162 لە 9ی نیسانی 2025.