سبەینێ دادگای فیدراڵی لەسەر بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە

سەرچاوەیەک لە دادگای فیدراڵی بە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕاگەیاند، سەرۆکی دادگای فیدراڵی داوای لە ئەندامانی دادگا کردووە بۆ سبەینێ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، ئامادەی کۆبوونەوەبن بۆ دەرکردنی بڕیاری فەرمانسالاری بۆ دەست پێ کردنەوەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدایە و لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران لە بارەی مووچەوە گوتی: ئەم بابەتە گرنگترین بابەتە بەلای ئێمەوە .

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، لەم یەک دوو ڕۆژەدا نامەم بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە و چاوەڕوانین و هیوادارین دادگا لە قازانجی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیار بدات .

ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەی ئاسایی دایە و سێ بڕگە تاووتوێ دەکات.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕۆژنامەوانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، لە بڕگەی یەكەمی کۆبوونەوەکەدا دوایین دۆخی ناوچەكە و شەڕ و ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان، تاوتوێ دەکرێت.

هەروەها بڕگەی دووەمدا تایبەتە بە گفتوگۆ لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی 20% بۆ شەش مانگی دیكە، کە 1ی تەممووزەوە تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025 بەردەوام بێت.

لە بڕگەی سێیەمدا، بەدواداچوون دەكرێت بۆ بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ژمارە 159 لە ڕێكەوتی 19ی ئاداری 2025 تایبەت بە دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكیی گشتی و خستنەڕووی وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ئەم بابەتە بە نووسراویان ژمارە 1162 لە 9ی نیسانی 2025.