ئەنجوومەنی وەزیران: هەرێمی کوردستان نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ لایەنێک

ئەنجوومەنی وەزیران: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری دەبێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆیبووەوە.

مەسرور بارزانی: هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات

مەسرور بارزانی: لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ چارەکردنی کێشەی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.

سەرۆک وەزیران گوتیشی، هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێیی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات ، بە تایبەتیش کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران: هەرێمی کوردستان لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریی پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات

پاشان ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد.

لەم بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە، کە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانکاری بووە و وەک هەمیشەش فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی وسەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیکە پەسەند کرا

 

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، پێشنیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیکە لە 7/1 تا 2025/12/31 خستەڕوو .

ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد.

دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتیی لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دادەمەزرێنرێن

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، بابەتی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتییان خستەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی درا و ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجوومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد ڕێکاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنەبەر.