سروە ڕەسووڵ: 300 قوتابیی کورد لە قوبرس گیریان خواردووە
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ئاشکرای دەکات، 300 قوتابیی کورد کە لە قوبرس بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و داخرانی فڕۆکەخانەکان گیریان خواردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گەڕاندنەوەیان، بەگشتی 970 هاووڵاتی کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە گیریان خواردووە.
پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەوەتەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ کردووە، 5 هەزار و 219 پەیوەندی بە هێلی گەرمی پەیوەندی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کراوە، بۆ بابەتەکانی بەهاناوەچوون و ڕزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات گیرییان خواردووە. سەرباری ئەوەی هەزار و 170 فۆرم لەبارەی ئەو کەیسانەوە پڕ کراونەتەوە بۆ کارکردن لەسەریان و دۆزینەوەی ڕێگە چارەی خێرا بۆیان.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: تا ئێستا 200 هاووڵاتی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان. بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، ڤیزای ترانزێت بۆ 420 هاووڵاتی وەرگیراوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە نزیک ببەنەوە.
سروە ڕەسووڵ، ئاماژەی بەوە کرد، 78 قوتابی و گەشتیار کە لەدورگەی کیش-ـی ئێران، گیریان خواردبوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆیان کرد لەڕێگەی وشکانی و دەریایی، لەدوورگەی چەدرگەوە گەیشتنە بەسرە و لەوێشەوە پاسیان بۆ دابین کرا و گەیشتنەوە هەولێر.
ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی ئەو هاووڵاتییانەی کوردستان کە لە میسر، دوبەی، مالیزیا، تونس گیریان خواردبوو، چارەکرد. تەنها کێشەی ئەو هاووڵاتییانە ماوە کە لە لوبنان گیریان خواردووە، سەرباری ئەو 300 قوتابییەی لە قوبرس گیریان خواردووە لەگەڵ ئەوەی ڤیزایان بۆ وەرگیراوە.
سروە ڕەسووڵ، ئاشکرای کرد، هێشتا 970 هاووڵاتی ماون بگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان، 5 هەزار و 135 حاجیش بەڕێگەی وشکانیی گەڕێنرانەوە کوردستان. 60 هاووڵاتی بیانیش کە لە کوردستان گیرییان خواردبوو، گەڕێنرانەوە وڵاتەکانیان.