سروە ڕەسووڵ: کێشەی ئەو هاووڵاتییانەی لە قوبرس گیریان خواردبوو چارە کرا
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی ئەو هاووڵاتییانەی چارە کرد کە لە قوبرس گیریان خواردبوو.
پێنجشەممە 19ـی حوزەیرانی 2025، سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 300 هاووڵاتی لە قوتابی و گەشتیار بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران و وەستانی فڕۆکەخانە و گەشتی ئاسمانی، لە قوبرس گیریان خواردبوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڤیزای ترانزێتی وڵاتی تورکیا بۆ ماوەی 72 کاتژمێر بۆ ئەو هاووڵاتییانە وەرگیرا و دەتوانن ئێستا سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
سروە ڕەسووڵ، پێشتر ئاشکرای کردبوو، هێشتا 970 هاووڵاتی ماون بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی 5 هەزار و 135 حاجیش بەڕێگەی وشکانیی گەڕێندرانەوە کوردستان، 60 هاووڵاتیش کە لە کوردستان گیرییان خواردبوو، گەڕێنرانەوە وڵاتەکانیان.