لە دهۆک زیاتر لە 46 هەزار هاووڵاتی ناویان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە

ئەمڕۆ دوا ڕۆژی خۆ تۆمارکردنی هاووڵاتییانە لە بنکەکانی بایۆمەتری بۆ ئەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بەشداریی بکەن، لە پارێزگای دهۆک لەماوەی 25 ڕۆژدا، زیاتر لە 46 هەزار کەس لە پارێزگای دهۆک ناوی خۆیان تۆمارکردووە.

هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک ڕایگەیاند: 41 بنکەی تۆمارکردنی بایۆمەتری لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە کرانەوە بۆ تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن کە بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ دوا ڕۆژی تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتییانە لە پرۆسەی بایۆمەتری بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن، لەماوەی 25 ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە 46 هەزار هاووڵاتی لە پارێزگای دهۆک ناوی خۆیان تۆمارکردووە، کاتژمێر 3ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوا ڕۆژی ناو تۆمارکردنە.

بەپێی زانیاریی کوردستان24، تا ئێستا ڕێژەی خۆ تۆمارکردن لە بایۆمەتری سەدا 83ـیە کە دەکاتە 944 هەزار کەس لە پارێزگای دهۆک، مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردن هەیە و 785 هەزار و 602 کەس خۆیان تۆمارکردووە، لەم 25 ڕۆژی ڕابردووشدا زیاتر لە 46 هەزار کەس ناویان خۆی تۆمار کردووە.

دووشەممەی ڕابردوو 16-06-2025، خالید عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی ئاماری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و ڕێژەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری، ڕاگەیاند. 

لەبارەی کاریگەریی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، خالید عەباس دووپاتی کردەوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکە نییە و هاوشێوەی هەموو لقەکانی دیکەی کۆمیسیۆن، لە ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە بە باشترین شێوە، بەردەوامن. 

خالید عەباس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "لە کۆی گشتیی 944 هەزار دەنگدەر لە سنووری پارێزگای دهۆک، سەدا 83ـیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار کراون کە بەرزترین ڕێژەیە لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق."