توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر: ئەمساڵ کواڵێتی بەرهەمی گەنم زۆرباشە

بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، بەرهەمی بنەتۆی گەنمی خۆماڵی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیاترە، دروێنەی گەنم و جۆو و پاقڵەمەنییەکانیش تەواوبووە.

عەبدولسەمەد محەممەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دروێنەی گەنم و جۆ و پاقڵەمەنییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر تەواوبووە، بنەتۆی گەنمی خۆماڵی ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە.

بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر گوتی: ساڵی ڕابردوو بەرهەمی گەنمی بنەتۆی خۆماڵی هەزار و 500تۆن بوو، بەڵام ئەمساڵ بووەتە سێ هەزار و 500 تۆن، کە هەشت جۆر بنەتۆی گەنم لەخۆدەگرێت، گەنمی جۆرەکانی 10 و 14 تازەن و لەڕووی کواڵێتی و بەرهەمەوە زۆر باشن و بەرگەی کەم ئاوی و نەخۆشی ڕووەکی دەگرن.

توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم بەهۆی کەم بارانی کەمبوو، بەڵام کواڵێتی گەنمەکە زۆرباشە.

عەبدولسەمەد محەممەد، باسی لەوەش کرد، لە هەوڵدان ساڵی داهاتوو بنەتۆی نۆکی خۆماڵی بە جوتیاران بدەین بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی بەرهەمی نۆکی خۆماڵی.

هەروەها بۆ ئەمساڵ، بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگیرێت، بەڵام حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە، بۆ ئەوەی هاوشێوەی جووتیارانی عێراق، گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت.

ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە حکوومەتی عێراق ئەمساڵ تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت، لە کاتێکدا گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە  و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دروست کردووە

 
Fly Erbil Advertisment