چاودێران: فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێت رۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت

كاردانه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ عێراق

K24 - ھەولێر:

سه‌ردانه‌كه‌ی سەرۆكی فەرەنسا ئیمانوێل ماكرۆن بۆ عێراق و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان و عێراق كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتوەتەوە، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی فەرەنسا دەیەوێت رۆڵی سەرەكی ھەبێت لە رێكخستنەوەی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاماژە بەوەش دەكەن، كە ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێیە لە عێراق و ناوچەكەدا.

ئەو رستەیەی ماكرۆن لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق زۆرترین جار جەختی لێكردەوە، سەروەری عێراق بوو. ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پێداگربوو لەسەر ئەوەی، كە دەبێ سەروەری عێراق بپارێزرێت.

عێراق بەدەست گرووپە چەكدارەكانەوە دەناڵێنێت، جگە لە دەستوەردانی ھەرێمیی لە كارووباری ناوخۆیی عێراق، بۆیە بەشێك لە پسپۆڕانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان رایان وایە، فەرەنسا دەیەوێت رۆڵێكی كاریگەرتر ببینێت لە گەڕانەوەی شكۆ بۆ عێراق، بەتایبەت لەرێگای بەھێزكردنی دامەزراوە فەرمییەكانەوە.

ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە، ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فەرەنسا دوای سەردانیكردنی بەیرووت گەیشتە عێراق، لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی دیكە كۆبوویەوە. سەردانەكەی ماكرۆن بۆ لوبنان و عێراق ئەوەی لێخوێندرایەوە، كە فەرەنسا لەھەوڵی رێكخستنەوەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، سەرەتای پلانەكەشی لە عێراق و لوبنانەوە دەستپێكرد.