پهرلهمان خوێندنهوهی بۆ پڕۆژه یاسای ماف و ئهركی نهخۆش كرد
"ماددهی لهباربردنی منداڵان گفتوگۆی زیاتری لهبارهوه دهكرێت"
K24 - ھەولێر:
پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازی یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش كرد، پێشنیازەکە لەلایەن لیژنەی تەندرووستی پەرلەمانەوە ئامادە کراوە. بەگوێرەی ئەم پێشنیازە یاسایە ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجوومەنێکی ھەمیشەی بۆ سکاڵای ھاووڵاتیان و ھەڵە پزیشکیەکان پێکدەھێنێت. بڕیاریشە وەزارەتی تەندرووستی رێنمای و پەیڕەو بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات.
زانا مەلا خالید، بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: بە پەسەندکردنی ئەم یاسایە ئەو بۆشایە یاسایەی ھەیە لە بواری ماف و ئەرکی نەخۆش پڕدەکرێتەوە.
پێشنیازی یاساو ماف و ئەرکی نەخۆش لە 14 ماددە پێکھاتووە. بەپێی ئەو یاسایە نەخۆش دەبێت سەرجەم پێداویستیە پزیشکیەکانی بۆ دابینبکرێت و نەخۆش مافی سکاڵاو قەرەبووی ھەبێت. بڕیاریشە پێشنیازێکی دیکە بۆ ماف و ئەرکی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
شایان عەسکەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی گوتی: ئەم پێشنیازە یاسایە بۆ نەخۆش گرنگە ماف و ئەرکەکانی دیاری دەکات.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا پەرلەمان ئەم پێشنیازە یاسایە پەسەند دەکات و دەینێرێتە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان. دواتر دەبێت وەزارەتی تەندرووستی لەماوەی سێ مانگدا رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.