بەهای نەوت بەرزترین ئاستی تۆمار کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025، لە کانوونی دووەمە تا ئێستا، بەهای نەوت بەرزترین ئاستی تۆمار کردووە، ئەمەش دوای بەشداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دێت کە وەک هاوبەشیی ئیسرائیل، کردیە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنەز و ئەسفەهان لە ئێران.
نرخی نەوتی خاوی برێنت 1.92 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 78 دۆلار و 93 سەنت، واتە بە ڕێژەی 2.49%. نرخی نەوتی خاوی وێست تێکساسیش 1.89 دۆلار بەرزبووەوە گەیشتە 75.73 دۆلار، ئەو گۆڕاە خێرایە لە بەهای نەوت، دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە هات لەبارەی هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران کە گۆڕان و پێشهاتێکی نوێ بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئێران، سێیەم وڵاتی گەورە وەبەرهێنەری نەوتە لە ئۆپێک، شارەزایانی ئابووری پێیان وایە بەهای نەوت زیاتر بەرز دەبێتەوە ئەگەر ئێران بڕیار بدات وەڵامی هێرشی سەر پێگە ئەتۆمییەکانی بە داخستنی گەرووی هورمز بداتەوە کە نزیکەی پێنج بەشی نەوتی خاوی جیهان لەوێوە ڕەت دەبێت.
کەناڵی پرێس تی ڤی ئێران، بڵاوی کردەوە، پەرلەمانی ئێران پرۆژەی داخستنی گەرووی هورمزی پەسەند کردووە، لەگەڵ ئەوەی پێشتر، ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی دەکرد، بەڵام هیچ هەنکاوێکی کردەیی لەو بارەیەوە نەنابوو.
جۆن جو، گەورە لێکۆلەرەوەکانی کۆمپانیای سپارتا کۆمۆدیتیز ڕایگەیاند: هەڕەشەکانی سەر ژێرخانی نەوتیی زۆر زیاتر بووە، لەگەڵ ئەوەی ڕێگەی ئەڵتەرناتیفیش هەیە بۆ کارکردن لەسەر هێلەکانی گواستنەوەی نەوت لە دەرەوەی ناوچەکە، ناتوانرێت ئەو ڕێژە و ئاستەی نەوتی خاو بەرهەم بهێنرێت کە پێویستە، بۆیە کۆمپانیاکانی بارکردنی نەوت لە دەرەوەی ناوچەکە زیاد دەکەین.
بانکی گولامان ساکس، پێشتر دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاندبوو، پێشبینی دەکەن بەهای نەوتی خاو بگاتە 110 دۆلار ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەیی دەریایی بۆ یەک مانگ بووەستێت.
پاش دەستپێکردنی ململانێکان لە 13ـی حوزەیرانی ڕابردووەوە، نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی لەسەدا 13 بەرزبووەتەوە، هاوکات نرخی نەوتی خاوی وێست تێکساس ئینتەرمیدیت نزیکەی لەسەدا 10 بەرزبووەتەوە.