بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دهۆک و زاخۆ گەرم بووە

فێدراسیۆنی تۆپی پێ عێراق وادەی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی بۆ وەرزی نوێ دیاریکرد و رۆژی 2ـی مانگی ئابی ئەمساڵ دەستپێدەکات و رۆژی 15ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کۆتایی دێت، لە ئێستاوە بەشێک لە یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق جموجوڵەکانیان دەستپێکردووە. هەروەها چەندان یاریزانی خولەکەش ئۆفەریان لە دەرەوەی عێراق بۆ هاتووە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، پێدەچێت ئەم وەرزە دوایین وەرزی هاروون ئەحمەد ناوەڕاستکاری یانەی دهۆک لەگەڵ پاڵەوانەکەی جامی کەنداو بێت. ئەو یاریزانە لە یانەی شوڕتەی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ هاتووە، هەروەها لە کوێتیش یاریزانەکەی ئەلهۆیێن چیا ئۆفەرێکی بۆ هاتووە.

لەلایەکی دیکەوە کوردستان24 ئەوەشی زانیوە، یانیک زاکیری یاریزانی دهۆک ئەمیش لە یانەی قوە جەوییەی عێراقی ئۆفەری بۆ هاتووە و ئەو یانەیە ئامادەیە، بەرامبەر نزیکەی 180 ملیۆن دینار، یاریزانە کۆتدیڤوارییەکەی یانەی دهۆک پەلکێشی ریزەکانی بکات.

گوستاڤۆ هێنریک هێرشبەری بەڕازیلی یانەی زاخۆ، ئەو یاریزانەش لەوانەیە دوایین وەرزی بێت لەگەڵ یانەکەی. کوردستان24 زانیاری دەستکەوتووە بۆ وەرزی داهاتوو گۆڵکارە بەڕازیلییەکەی یانەکەی دەلال پەیوەندی بە خولی ڤیتنامیەوە بکات و ئۆفەریشی پێشکەش کراوە، بەڵام نازاندرێت کامە یانەی ئەو وڵاتە داوای کردووە.

یانەی گەرمە کە ئەم وەرزە بۆ یەکەمجار سەرکەوت بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق، دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو پێکهاتەیەکی توکمە دروست بکات، ئەویش لە پێناو کێبڕکێی کردن لەسەر بەدەستهێنانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەو یانەیە لەگەڵ چەند یاریزانێک لەسەر هێلە و بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو یانەیە، ئەبو حەشیش یاریزانی ئوردنی یانەی زاخۆیە.
