به‌رپرسانی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ هۆشداری له‌ دۆخی كۆرۆنا ده‌ده‌ن

نه‌خۆشخانه‌كان چیتر توانای وه‌رگرتنی نه‌خۆشیان نییه‌

K24- هه‌ڵه‌بجه‌:

بەرپرسانی تەندروستی لە پارێزگای ھەڵەبجە ھۆشداری لە زۆری حاڵەتەكانی تووشبوونی ھاووڵاتییانی سنوورەكە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدەن و دەڵێن: بەھۆی نەبوونی پزیشك و پەرستاری پێویست و كەمی پێداویستی پزیشكی، مەترسی گەورە رووبەرووی نەخۆشخانەی چارەسەركردنی تووشبوانی كۆرۆنا بووەتەوە، داواش له‌ هاووڵاتیان دەكەن پابه‌ندی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و خۆپارێزی بن، بۆ ئەوەی خەڵكی ھەڵەبجە لە تووشبوونیان بە كۆرۆنا پارێزراو بن.

ئاراس حه‌مه‌ سه‌عید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی وەفا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنی تووشبووانی كۆرۆنا، گوتی: پزیشك و پەرستاری پێویستیان نییە و ھەر نەخۆشێك چاودێرێكی لەگەڵە، ئەمەش وایكردووە نەخۆشخانەكە توانای وەرگرتنی نەخۆشی دیكەی نەبێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زۆری بڵابوونەوەی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و پابەندنەبوونی ھاووڵاتییان بە رێنمیایە تەندروستییەكان، تیمی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنای لە ھەڵەبجە نیگەران كردووە و جیهاد ئیبراهیم، سەرۆكی ئه‌و تیمه‌ ھۆشداری دەدات‌، لە ئەگەری پابەندنەبوونی ھاووڵاتیان بە رێنماییە تەندروستییەكان و زیاتر تەشەنەسەندنی په‌تاكه‌، دۆخی مرۆیی ئه‌و پارێزگایه‌ بەرەو كارەساتێكی مرۆیی دەچێت.

بەگوێرەی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ھەڵەبجە بۆ نزیکەی ھەزار کەس بەرزبووەتەوە، بەڵام پزیشکانی تیمی کۆرۆنا جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، رێژەکە لەسەرووی دوو ھەزار تووشبوویە، بۆیە داوا دەکەن، ھەرچی زووە ھاوکاری کەرتی تەندروستی شارەکە و تیمی رووبەڕووبونەوەی کورنا و نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لەھەڵەبجە بکریت، بۆ ئەوەی کارەسات لەشارەکە روونەدات.

H.B