شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته به‌غدا
هه‌فته‌ی رابردووش شاندێكی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا بوون
K24 - هه‌ولێر:
بڕیاره ئه‌م هه‌فته‌یه شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ ته‌واوكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
سه‌میر هه‌ورامی، به‌رپرسی ئۆفیسی راگه‌یاندنی قوباد تاڵه‌بانی، به كوردستان24ی راگه‌یاند كه شانده باڵاكه‌ی حكومه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی ده‌بێت و پرسه‌كانی تایبه‌ت به بودجه و مووچه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن.
ئه‌م سه‌ردانه‌ی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتێكدایه كه مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ واشنتن داوایكردبوو كه له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ عێراق شاندی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان و گه‌یشتن به رێككه‌وتنی كۆتایی.
هه‌فته‌ی رابردووش شاندێكی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له باره‌ی پرۆژه بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق له به‌غدا بوون.