ئه‌ردۆغان: توركیا ئاماده‌یه سامانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه دابه‌ش بكرێت
"هه‌موو ئه‌و نه‌خشه و به‌ڵگانه ده‌دڕێنین كه به‌سه‌رماندا سه‌پێندراون"
K24- هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، "توركیای به‌هێز ئاماده‌یه بۆ هه‌موو جۆره دابه‌شكردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی سامانی ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست".
به‌گوێره‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی، ئه‌م گوتانه‌ی ئه‌ردۆغان له میانه‌ی به‌شداریكردنی له رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی "شاری پرۆفیسۆر یالچینی پزیشكی"ـدا له ئیستانبوڵ هاتوون و گوتی: "هه‌میشه جه‌ختمان كردووه‌ته‌وه، كه توركیا ئاماده‌ی هه‌موو جۆره دابه‌شكردنێكی سه‌روه‌ت و سامانی ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاسته، به‌و مه‌رجه‌ی دابه‌شكردنه‌كه دادپه‌روه‌رانه بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دواتر هه‌موو لایه‌ك د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن توركیا ئه‌و توانا سیاسی، سه‌ربازی و ئابوورییه‌ی هه‌یه كه هه‌موو ئه‌و نه‌خشه و به‌ڵگانه ده‌دڕێنێت، كه به‌سه‌ریدا سه‌پێندراون".
جه‌ختیشی كرده‌وه، "پێویسته توركیا و گه‌له‌كه‌ی ئاماده بن بۆ هه‌ر سیناریۆیه‌ك له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و خۆیان بۆ ئه‌نجامه‌كانی ئاماده بكه‌ن".
H.B