شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆ دەبێتەوە
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی پرۆسەی نوێی ئاشتی دەکەن.
میدیای نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراستیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاندووە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-06-2025، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆ ببێتەوە.
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و میتحەت سەنجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێک هاتووە و تاوتوێی هەنگاوی نوێ بۆ پرۆسەی ئاشتی و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی پرۆسەکە دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، 25-06-2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شاندی ئیمرای داوای کۆبوونەوەیان لێ کردووە و بەم نزیکانە لەگەڵییاندا کۆ دبێتەوە.
هاوکات، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـیە، ڕایگەیاند، ئەوەی لەسەر شانیان بووە لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بە تەواوی جێبەجێیان کردووە، ئێستا نۆرەی حکوومەتی تورکیایە هەنگاوی کردەیی پێویست بۆ ئەو مەبەستە بنێت.
لە 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێتیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
ئەو هاوسەرۆکەی کەجەکە بە پێویستی دەزانێت، بەرپرسانی تورکیا چیدیکە دەستەواژەی "تورکیای بێتیرۆر" بەکار نەهێنن، چونکە وەکوو خۆی گوتی ناوی پرسەکە "پرۆسەی نوێی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە" و دەبێت هەمووان ئەو دەستەواژەیە بەکار بهێنن.
12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو بوو. لە کۆنگرەکەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.