کەمیی مەگنیسیۆم چی بەسەر جەستەدا دەهێنێت؟

پرۆفیسۆرێکی رووسی چەند زانیارییەک رووندەکاتەوە

K24 - هەولێر

پرۆفیسۆرێکی رووسی دەڵی 80٪ـی دانیشتووانی جیهان مەگنیسیۆم لە جەستەیاندا کەمە، کاریگەرییەکانی کەمیی مەگنیسیۆم لە جەستەشدا بەجۆرێکن، لە ماندووبوونێکی درێژخایەن، گۆڕانی میزاج و بەرز و نزمیی فشاری خوێن دەردەکەون.

ئەناتۆلی سکانلی، پرۆفیسۆر لە زانکۆی رودنی رووسی، کە زانکۆکە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەشە، باس لەوە دەکات کەمیی مەگنیسیۆم کێشەیەکی گەورەی دانیشتووانی شارە گەورەکانە، لەبەر ئەوەی هەمیشە رووبەڕووی کاریگەرییە دەرەکییەکان دەبنەوە، ئەگەر کەسێکیش تووشی ماندووبوونی درێژخایەن بوو، پێویستیی بۆ مەگنیسیۆم زیاد دەکات.

پرۆفیسۆرەکە هەروەها دەڵێ کۆمەڵێک سیستەم جەستەیان رێکخستووین، کە بڕی ماددەکانی نێو خوێن، وەک سۆدیۆم، کالیسیۆم و مەگنیسیۆن کاریگەرییان لەسەر ئەو سیستەمانە هەیە.

ئەگەر ئاستی مەگنیسیۆم لە خوێندا نزم ببێتەوە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی سۆدیۆم و کالیسیۆم، بەمەش شلەمەنییەکان لەنێو جەستەدا قەتیس دەبن، پرۆفیسۆرەکە دەڵێ ئەو نیشانانە لە جەستەدا دەریدەخەن مەگنیسیۆم کەمە:


- زیادبوونی فشاری خوێن
- دووبارەبوونەوەی ئازاری لاسەر "میگرەین - شەقیقە"
- شەڵەژان
- هەڵچوون و نەتوانینی وردبوونەوە لەبارەی بابەتێک
- گۆڕانی مەزاج
- ماندووبوونی درێژخایەن

ئەناتۆلی سکانلی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەنجامدانی چالاکیی جەستیی، دەبێتە هۆی زیاد بەکارهێنانی مەگنیسیۆم لە جەستەدا، هەروەها زۆریی خواردنی خوێ، رێگری دەکات لەبەردەم هەڵمژینی مەگنیسیۆم، بۆیە دەبێت خوێ بەڕێژەیەکی کەم بەکاربێت.

ئاستی ئاسایی مەگنیسیۆم لە خوێنی ژنان 0.66-1.07 مليمۆل بۆ هەر لیترێکە، ئەگەر رێژەکە لەوە زیاتر یان کەمتر بێت، دەبێت راوێژ بە پزیشک بکرێت. ژنان پێویستییان بە 310 ملیگرام مەگنیسیۆمە لە رۆژێکدا و پیاوان پێویستییان بە 400 میلیگرامە.

گرنگترین سەرچاوەکانی مەگنیسیۆم:

- بەرهەمە خۆراکییە رووەکییەکان
- چەرەز
- گەنمی ئەسمەر
- سەوزە

پرۆفیسۆرە رووسییەکە، کە سەرۆکی بەشی توخمەکانی خوێنە لە زانکۆکەی باسی لەوەش کردووە، خواردنەوەی قاوە دەبێت هۆی دەرچوونی مەگنیسیۆم لە جەستە، بۆیە باشترە کاکاو بخورێتەوە.

لە کۆتایی گوتەکانیشیدا ئەناتۆلی سکانلی جەخت دەکاتەوە لەوەی، تەنیا لەدوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی خوێن، ئەگەر دەرکەوت مەگنیسیۆم لە جەستدا کەمە، دەبێت بە راوێژی پزیشک دەرمانی کەمیی مەگنیسیۆم بخورێت.

 

هـ.ر.