كچێكی بەریتانی تەمەنی 19 ساڵە و عەقڵی 10 مانگە

پزیشكان سەریان سووڕماوە لە حاڵه‌تی كچەكە

K24 - ھەولێر:

پزیشكان سەریان سووڕماوە لە حاڵه‌تی كچێكی گەنجی بەریتانی بە ناوی "دایسس راینس" كە گەشەكردنی عەقڵیی لە 10 مانگییەوە وەستاوە. ھەرچەندە جه‌سته‌ی بە شێوەیەكی تەواو گەشەی كردووە و تەمەنی گەیشتووەتە 19 ساڵ.

كچەكە لەگەڵ دایكی لە شاری "كاریف" لە ھەرێمی وێڵز لە رۆژئاوای بەریتانیا دەژین، "ئانی"ی دایكی گوتی: من ئاگام لە كچەكەمە وەك منداڵیكی شیرەخۆرە، ھەموو كاتێك من خواردنی دەدەمێ و دایبیی دەگۆڕم و شیری بۆ ئامادە دەكەم".

بە گوێره‌ی رۆژنامەی "میرەری بەریتانی" دایكەكە ئاماژەیكردووە، كچەكەی "ھێشتا پشت مه‌مكه‌مژه‌ی ده‌وێت و بوكەڵەی زۆری ھەیە".

روونیشیكردەوە، "حاڵەتی كچەكەی پزیشكانی تووشی سەرسوڕمان كردووە و تاكو ئێستا نەیانتوانیوە راڤه‌یەك بۆ ئەو حاڵەتەی بدۆزنەوە. وەك بڵێی، لەو كاته‌ی تەمەنی 10 مانگ بووە، كات لە لای ئەو وه‌ستاوه‌ و ناجووڵێت".

گوتیشی: "لە ماوەی ئەم 19 ساڵە ھێشتا ھەر ئاگام لێیە وەك بڵێی منداڵە و ھێشتا پزیشكانیش نەیانتوانیوە دەستنیشانی حاڵەتەكەی بكەن، جگە لەوەی ھەندێك جار تووشی فێ دەبێت".

جەختیشیكردەوە، ھێشتا لە نەخۆشخانەكانی بەریتانیا و دەرەوە  بەدوای وڵامدا دەگەڕێ سەبارەت بە حاڵەتی ئەو كچەیان. ئەماژەشی كرد، ھەموو ئەو پزیشكانەی پشكنینیان بۆ كردووە، تووشی سەر سوڕمان بوونە و حەپەساون لە ئاست ئەو حاڵەتەدا".