دوو برای عێراقی لە ڕحا کوژران

دوو گەنجی عێراقی کە برا بوون ئەمڕۆ هەینی لە شاری ڕحای باکووری کوردستان بەهۆی دەمەقاڵێیان لەگەڵ هاووڵاتییەکی تورک کوژران، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دڵگرانی خۆی دەربڕیوە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، دوو گەنجی عێراقی بە ناوەکانی یوسف و محەممەد ئەلڕاوی لە شوێنی کارەکەیان لەگەڵ هاووڵاتییەکی تورک بووەتە مشتومڕ و شەڕیان، بەڵام هاووڵاتییە تورکییەکە چەکدار بووە و تەقەی لێ کردوون و بە سەختی برینداری کردوون، دوای گواسترانەوەیان بۆ نەخۆشخانە هەوڵی پزیشکەکان بێسوود بووە و گیانیان لەدەست داوە.
بە گوتەی چەند پەنابەرێکی عێراقی نیشتەجێی ڕحا کە بۆ میدیاکانی تورکیا قسەیان کردووە، گوایە دەمەقاڵێ و شەڕی نێوان ئەو دوو برایە لەگەڵ هاووڵاتییە تورکەکە لەسەر کێشەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بووە، هەندێکیش دەڵێن، بەهۆی کێشەی قەرزارییەوە بووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو دوو برایە چەند ساڵیکە لە تورکیا نیشتەجێ بوون و هەردووکیان سەڵت بوون، بەڵام یەکێکیان بەم دواییانە دەزگیراندار بووە.
هەروەها پۆلیسی تورکیا ڕایگەیاندووە، دوای ڕووداوەکە توانیویانە دەستبەجێ بکوژەکە دەستگیر بکەن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا، دڵگرانی و نیگەرانی دەربڕیوە و ئاماژەی داوە، بەداخ و پەژارەوەى زۆرەوە بۆ ئەو ڕووداوەی لە شارى ڕحا بووە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ڕەوەندی عێراقى کوژراون.
هاوکات کونسوڵخانەی گشتیی عێراق لە عەنتاب ڕایگەیاندووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکان دەکات.