ئەلمۆنیتەر: نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە
پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی ئاشکرایکردووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.
پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا کۆببێتەوە، دۆخی سووریا وپێشهاتەکانی ئەو وڵاتە و پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان تاوتوێ دەکەن.
ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بەوەش داوە؛ هەر لەسەردانەکەیدا بۆ هەولێر، ئەگەری هەیە، باراک لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریا کۆببێتەوە.
سەردانی تۆم باراک بۆ هەولێر دەبێتە یەکەمین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەدا سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی داوا لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا بکات، رێز لە ماف و داخوازی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بگرن.