هێڵی ئاسمانیی تورکیا گەشتەکانی بۆ ئێران دەست پێ دەکاتەوە

هێڵی ئاسمانی تورکیا (THY) سەرلەنوێ گەشتەکانی بۆ ئێران  دەست پێ دەکاتەوە.

بیلال ئەکشی، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئێران ڕاگەیاند.

بیلال ئەکشی لە پۆستەکەیدا ڕایگەیاندووە "لە ڕۆژی دووشەممە 30ی حوزەیرانەوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئێران دەست پێ دەکەینەوە".

 

 
 
 
 
 

 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە 13ـی ئەم مانگەوە، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هێڵی ئاسمانیی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران ڕاگرتبوو. 

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێ کردنەوە. 

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بۆ ماوەی 12 ڕۆژ، تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیلی بە مووشەکی بالیستی بۆمباران دەکرد.