ئازاد حەمەدەمین: دوای 27 ساڵ گۆڤاری دەنگارە دەردەکەینەوە

سەرنووسەری گۆڤاری دەنگارە و نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای 27 ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ژمارەی دەنگارە، جارێکی دیکە و لە ژمارە (3)وە دەست بە دەرکردنەوەی گۆڤارەکە دەکەینەوە.

یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو، لە یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی هەولێر، کاتژمێر 5:30ـی ئێوارە ڕێوڕەسمێک بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنەوەی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری 'دەنگارە' بە ئامادەبوونی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، ڕادەگەیەندرێت.

گۆڤاری دەنگارە، کە گۆڤارێکی کولتووری گشتییە، لە شەقڵاوە دەردەکرێت، خاوەنی ئیمتیازی دکتۆر ڕێبوار ڕزگار خەلیل میرانە، سەرنووسەرەکەشی، ئازاد حەمەدەمینە.

ئازاد حەمەدەمین، لە سەروتاری ژمارە(3)ـی دەنگارەدا نووسیوویەتی: 27 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری دەنگارە تێپەڕ دەبێت، لەمەودوا ئەرکی گۆڤارەکە لە ژمارە(3)ـەوە تەواو دەکەین، دەشڵێت: لەماوەی ئەم 27 ساڵەدا زۆر شت گۆڕان، تەکنەلۆجیای میدیا زۆر بەخێرایی پێشکەوتووە، بەڵام هێشتا پێداویستیی مرۆڤەکان بۆ بوونی گۆڤار هەر ماوە و نەگۆڕاوە.

ئازاد حەمەدەمین، سەرنووسەری گۆڤاری دەنگارە و نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: داتاکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوە دەردەخەن، لەماوەی ساڵانی ڕابردوو، ژمارەیەکی زۆری چاپکراو داخراون و نەماون، هۆی سەرەکی ئەمەش، باڵادەستیی سۆشیال میدیا و لاپەڕە دیجیتاڵییە هەواڵییەکانن کە بەخێرایی هەواڵ بڵاو دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەندێ لە گۆڤارەکان بە ڕیتمی جیاواز لە دەرچوون بەردەوامن، لەبەر ئەوەی پسپۆڕ و ئەکادیمیستەکان نایانەوێت بابەتەکانیان لە گۆڤارەکاندا بڵاو دەکەنەوە نەک لە سۆشیالمیدیا، چونکە پێیان وایە هێشتا گۆڤارەکان چێژی خۆیان لەدەست نەداوە.

سەرنووسەری گۆڤاری دەنگارە، ئاماژەی بەوە کرد، 27 ساڵ پێشتر، ژمارە یەک و دووی گۆڤارەکەیان دەرکردووە، ئێستا ژمارەی سێیەمی گۆڤارەکە دەردەکەنەوە و هەوڵ دەدەن بەردەوامیی پێ بدەن، دەشڵێت: هەوڵ دەدەین گۆڤارەکە نەوەک هەر لە کوردستان، بەڵکو بگەیەنینە کوردانی تاراوگەش.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment