کونسوڵی ئێران لە سلێمانی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران مێژووین

کونسوڵی ئێران لە سلێمانی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە دەڵێن هەر کەسێک لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی ئێران دەکات دەستگیردەکرێت و دەشڵێت: پەیوەندیی مێژووی لەنێوانمان هەیە.

محەممەد مەحموودییان، کونسوڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی وا بڵاوکراونەتەوە، کە هەر کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بچێتە ئێران دەستگیر دەکرێت ڕەت دەکەینەوە و بە تەواوی ناڕاستن.

محەممەد مەحموودییان گوتی: ئێمە تەنانەت لە کاتی جەنگەکەشدا سنوورەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە بوون و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیشمان بەردەوام بوو، ئەوانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە، ئاگایان لەوە نییە کە پەیوەندییە کوڵتووری و ڕووحی و سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە کە ئەم دەنگۆیانە کاریگەرییان لەسەری هەبێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەو پەیوەندییە مێژووییانە ڕیشەیان لە قووڵایی مێژوودا هەیە و دەنگۆ لەرزۆکەکان کاریگەریان لەسەرنابێت.