سیناتۆر تێد بەد: هەرێمی کوردستان لە دواکەوتنی ناردنی ھاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە نیگەرانە
ئەندامی لێژنەی ھێزە سەربازییەکانی سێناتی ئەمەریکا ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی بەغداوە درەنگ دەگەنە دەست هێزی پێشمەرگە. هاوکات ئەو ئەندامە داوا لە فەرماندەی ناوەندیی سوپای وڵاتەکە دەکات ئەو کێشەیە چارە بکات.
سیناتۆر تێد بەد، ئەندامی لێژنەی ھێزە سەربازییەکانی سێناتی ئەمەریکا، باسی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات و دەڵێت: سەرۆک وەزیران نیگەرانە لە دواکەوتنی ناردنی ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە، هەروەها بە گشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی بەغداوە درەنگ دەگەنە دەست هێزی پێشمەرگە.
سێناتۆەرەکە گوتی: پێشمەرگە ڕۆڵی زۆر گرنگیان گێڕاوە لە ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانەوەی داعش لە عێراق.
لای خۆیەوە ئەدمیراڵ چارلس کووپەر، کاندید بۆ پۆستی فەرماندەی سێنتکۆم، ڕایگەیاند: سەرتا زۆر سوپاس و ھاوسۆزییک بۆ ھێزی پێشمەرگە، چونکە ھاوکار و ھاوبەشێکی زۆر باش بوون.
دەشڵێت: من بەداوداچوونم کردووە بۆ ئەو دواکەوتنە ھەندێک ھۆکار بوونەتە ھۆی دواکەوتنی ئەو ھاوکارییانە، هەروەها چارەسەری ئەم داوکەوتنە کاری لەپێشینەی من و ستافی تەکنیکیم دەبێت. بۆئەوەی ھەرچی زووتر ئەو ھاوکارییە بگەنە دەستی ھێزی پێشمەرگە.
هاوکات باسی لەوەش کرد، پێم وایە ڕێککەوتنێکی زۆر بەھێزی سەربازیمان لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ھەیە، لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ھەندێک لەو بەربەستانە نەھێڵین.